"دەستبەرداری دۆزی خۆمان نابین"

ژنانی ناوچەی تل ڕەفعەت لە کانتۆنی شەهبا کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نیشاندا و ئاماژەیان بەوەکرد، لە دژی هەموو جۆرە هێرش و وێرانکارییەک تێکۆشان بەرز دەکەنەوە و هەرگیز دەستبەرداری دۆزی خۆیان نابن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ٤ی ئەم مانگەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی سەر بە تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا فراوانتر کردووە، ژێرخانی ناوچەکە کراوەتە ئامانج، هێرشەکان بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی ٤٧ کەس لەنێویاندا دوو منداڵ هەن.

 

ژنانی عەفرین کە بۆ ماوەی ٥ ساڵە بەهۆی هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاوە ناچارکراون کۆچ بکەن، ئێستا لە ناوچەی تل ڕەفعەتی کانتۆنی شەهبا هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەروەها گەمارۆکانی حکومەتی شام دەربڕی.

 

"ژیانمان بووە بە بەرخۆدان"

سادیقە بەکر لەبارەی بەرخۆدانی گەل بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکان قسەی کرد و وتی: دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی ٥ ساڵە هێرش دەکاتە سەرمان و دەیەوێت لە شەهباش بڕۆین، بەڵام بەرخۆدان و خەباتمان لە هێرشەکانی ئەوان بەهێزترە، ژیانمان بووە بە بەرخۆدان، هەفتەیەکە ئەردۆغان و چەتەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێمە چڕتر کردووەتەوە، بەڵام هەرگیز لە تۆپەکانیان ناترسین، فڕۆکەکانیان هەمیشە بە ئاسماندا دەگەڕێن و دەیانەوێت ترس بخەنە دڵمانەوە، بەڵام ئامانجەکانیان ناپێکن، لە پشت پاکڕەوانی خۆمانین و هێز و هەستی تۆڵەکردنەوە لە شەهیدبوونیان وەردەگرین، تا کۆتایی ژیانمان بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان.

 

"تووڕەیی تۆڵە زیاد دەکات"

ڕوژین میستکۆلۆ تیشکی خستە سەر هێرشە داگیرکارییەکانی ئەم دواییە و کردنە ئامانجی ژێرخانی ناوچەکە و وتی: لەم دواییانەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمەکانمان زیاد کردووە، ڕۆژانە و بەردەوام هێرش دەکەن، ژێرخانی ناوچەکەو خزمەتگوزارییەکانی خەڵکی کردووەتە ئامانج و وێرانی کردوون، بەم شێوەیە ئابووری خەڵک لاواز دەکات، بەڵام بەرخۆدانمان هەرگیز ناشکێندرێت، بە هەموو جۆرە دژواری و نەبوونیدا تێدەپەڕین تەنها بۆ ئازادی وڵاتەکەمان، توڕەیی تۆڵەکردنەوەمان زیاد دەکات و هەرگیز لە تۆپەکانی داگیرکەران ناترسین.