خۆپیشاندەرانی سوەیدا جەخت لەسەر بەردەوامبوون دەکەنەوە تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن

ئەو ژنانەی کە نزیکەی دوو مانگە خۆپیشاندان دەکەن جەختیان لەوە کردەوە، داواکارییەکانی هەموو سوورییەکان وەک یەکن ئەویش "گۆڕینی ڕژێمە کە چارەسەری هەموو قەیرانەکان دەکات".

ڕوشێل جونیۆر

 

سوەیدا- خۆپیشاندانەکانی گەلی سوەیدا لە سووریا چووەتە دووەم مانگی خۆپیشاندانەکانەوە و خۆپیشاندەران بەردەوامن لە چوونە گۆڕەپانی کەرامە، بەشدارییەکی بەرفراوان لە ژنان هەیە و جەخت لە داواکارییە یاساییەکان دەکەنەوە.

 

خەڵکی سوەیدا بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان لە زۆربەی گۆڕەپانەکان و گوندەکانی شارەکە، بەڵام گەورەترین کۆبوونەوە لە گۆڕەپانی کەرامەیە و جەختیان لە داواکارییەکانیان کردەوە بۆ گۆڕانکاری سیاسی و جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک چارەسەرێک بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریا کە ١٢ ساڵە بەردەوامە.

 

ڕیما عەزی، خۆپیشاندەر وتی: زۆر هۆکار هەیە کە وای لێکردم بەشداری خۆپیشاندان بکەم، لەوانە ئاوارەبوون، کوشتن، برسێتی و شێوازی دیکتاتۆری سەرکوتکردن، دەمانەوێت ڕژێمی بەشار ئەسەد و ئەو دەسەڵاتەی کە دوای دەکەوێت بڕووخێن، لە دادوەرەوە بۆ پارێزەر و بازرگان و دەسەڵاتی گەندەڵی.

 

جەختی لەوە کردەوە کە دروشمەکەیان هەمان دروشمە و داواکارییەکانیان هەمان داواکارییە، کە بریتییە لە گۆڕینی ڕژێم و باشترکردنی ئاستی ژیان، داوای لە هەموو ژنانی سووریا کرد بەردەوام بن لە خەبات بۆ ئەوەی ببنە ژنێکی ئازاد.