ژنانی تونس جەخت لەسەر گۆڕینی تێڕوانینی کۆنەپەرستانە دەکەنەوە

ژنانی تونس لە میانی سیمپۆزیۆمێکی زانستیدا بە کۆی دەنگ لەسەر ئەوە کۆک بوون، کاتی گۆڕینی تێڕوانینی کۆنەپەرستانەی دژ بە ژنان هاتووە، کە لە ڕێگەی میدیا و سینەماوە پەرەی پێدەدرێت.

زهور مەشرەقی

 

تونس- ڕۆژی هەینی، سەنتەری توێژینەوە، لێکۆڵینەوە، بەڵگەنامە و زانیاری لەسەر ژنان-CREDIF بە هاوکاری سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تونس، سیمپۆزیۆمێکی زانستی بە ناونیشانی "ڕۆڵی وێنە لە یەکسانی ڕەگەزی لە کەرتی تەندروستیدا" ڕێکخست.

 

سورەییا بالکاهیە، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەرەکە، ڕونیکردەوە، ئامانجی سیمپۆزیۆمەکە تێگەیشتنە لە ڕوانگەی ڕەگەزی لە کەرتی تەندروستی و پێویستی کارکردن بۆ جێبەجێکردنی لەسەر بنەمای سینەما، کە توانای گەیاندنی پەیامی خێراتری هەیە و هاوکات لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنەلۆژی و ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە ئاواتەکان لە بواری خزمەتکردنی پرسەکانی ژناندا ڕۆڵی هەیە.

 

ناوبراو جەختی لە گرنگی وێنەکە کردەوە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و مەترسییەکانی و ئاماژەی بەوەدا کە جیهانی وێنەکە پەیوەستە بە سینەما و شانۆ و تەنانەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دەتوانێت بەشداری بکات لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە نەرێنییانەی کە ژنان بە شێوەیەکی فراوانتر دەکەنە ئامانج.

 

کەوسەر سفر قەندوورە، پسپۆڕی پەیوەندی و ڕەگەز، جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆڵی سینەما بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو وێنە و قاڵبە چەقبەستووانەی کە تێیدا ژنان دادەنرێن بۆ بەبازاڕکردن، جا لە ڕێگەی جەستەیانەوە بێت یان هەر لایەنێکی دیکەوە، ئەوەش وێنەیەکی سواوە و دەبێت کار بۆ تێپەڕاندنی بکرێت، قسە تەنها لەسەر ژنان نییە، ئەمە چیرۆكی هەموو تاکێکە، سینەماکان پەروەردەیی و هۆشیارکەرەوەن، کە تیشک دەخەنە سەر مەترسییەکانی توندوتیژی ڕەگەزی یان سێکسی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دراماکەدا دیمەنەکان پیشاندەدرێن کە ژنێک تووشی توندوتیژی دەکرێت و وەک شتێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ڕێگە دروستەکە ئەوەیە ئەو ڕەفتارە ئاشکرا بکەین و بۆ بینەر ئاشکرای بکەین کە دەتوانین چی بکەین و چۆن ڕووبەڕووی ببینەوە وەک ژنێک، باس لەو یاسایانە بکرێت کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەن، هەر بۆیە لێرەدا دوو دیمەنی توندوتیژی و مامەڵەکردنمان پیشان دا، کە سینەما و دراما ڕۆڵیان تیایدا هەیە"

 

"ژنیان لە چێشتخانەدا قەتیس کرد و کردیان بە بەهەشت بۆی"

سەلما بەکار، دەرهێنەری تونسی و نێودەوڵەتی پێی وایە سینەمای تونس هەوڵیدا وێنەیەک بخاتەڕوو کە ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی تونس بێت و تیشک بخاتە سەر ڕۆڵی ڕاستەقینەی ژنان وەک ئەکتەر لە کۆمەڵگەدا، جەختیشی لەوە کردەوە کە سینەمای تونس هەوڵیداوە ژنان بخاتە چوارچێوەیەکی دروست و ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا وەک هونەرمەند و سیاسەتمەدار و کرێکار و ژنی ماڵەوە بگێڕن.

 

ئەسما بن عەیاد، مامۆستای زانکۆ پێی وایە کە ئەو بێلایەن نەبووە و بینەرانیش چ لە تونس بێت یان لە دەرەوەی وڵات، ڕەنگە خوویان بەو دیدگایەوە گرتبێت کە ئەقڵی کۆمەڵگەیان لە قاڵب داوە، وتیشی: لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە کار دەکرێت بۆ ئەوەی ژنان لە فۆرمێکی دیاریکراودا لە قاڵبی چێشتخانەدا قەتیس بکەن و پەیامی ئەوەش بدەن کە چێشتخانە "بەهەشتی ژن"ە.

 

جەختی لەوە کردەوە، لە ڕێگەی ئەو دروشمانەی کە بە "فریودەر" وەسفی دەکات، کۆمەڵگەی پیاوسالاری ژنانی بەلاڕێدا دەبرد و قەناعەتیان پێدەکردن بە بەهەشتەکەیان، کە ئەرکیاب خزمەت و کاری ماڵەوەیە، بەڵام ئێستا کاتی شکاندنی چەشنە کۆنەپەرستانەکانی دژ بە ژنانە، بە سەرهەڵدانی ژنان و ڕەتکردنەوەی بە کاڵاکردنی ژنان.