لە لوبنانەوە؛ شکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵی دەستەبەری ئازادی ژنانە

لە دووەم ڕۆژیدا، کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەردەوامە، ژنان گفتوگۆ لەسەر "تێڕوانینی هاوڕێی ژنان، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرز کردنی ئاستی تێكۆشانی ئازادی ژنان" دەکەن.

بیروت

 

دوێنێ، ١٨ی ئاب لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژین-ی ژنان و کۆمەڵەی کولتووری و کۆمەڵگەیی نەورۆز، بە دروشمی" بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، ئەزمونی تەڤگەری ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان" بە بەشداری ژنانی ١١ وڵات دەستی پێکرد و ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە.

 

لە پانێلی یەکەم و دووەمدا ژنان سەبارەت بە، "دەستوەردانی سیستمی جیهانی بۆ سەر ژنان لە سەدەی ٢١" و "ئەزموونی ژنانی کورد بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی هەرێمی" گفتوگۆیان کرد، لە پانێڵی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لە بارەی "تێڕوانینی هاوڕێی ژنان، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرز کردنی ئاستی تێكۆشانی ئازادی ژنان" دەکرێت، پانێڵەکە لەلایەن ئەمەل ئەلکوردی، لە ئوردونەوە، نووسەر و ئەندامی دەستپێشخەری نون بۆ ئازادی ئۆجالان، بەڕێوە دەبرێت.

 

ڕۆژیان حسێن، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە، مامۆستا و ئەندامی ناوەندی ژنۆلۆژی، لە بارەی تێزەکانی هاوڕێی ژن، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ڕێبازی ئازادی ژن بابەتێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لەو بنەمایانەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان باسی دەکات، پاراستنی جەوهەرییە، لە خۆڕسکانە لە هەناوی هەر کەسێکدایە، کەواتە بۆچی دەبێت لە ژناندا نەبێت، پاراستنی جەوهەری پاراستنە لە هەموو جۆرەکانی لەناوچوون و هێرش، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە چوارچێوەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژەدا خۆیان لەسەر بنەمای پاراستنی جەوهەری ڕێکخستووە، ئەم هێزەش تەنها هێزێکی چەکداری نییە، بەڵکو هێزێکی پاراستنی کولتوور، هونەر، چاند، سیاسەت و هەموو کایەکانی ژیانە، بەتایبەت بۆ ژنان.

 

لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا، ڕەنگین ئەرگول، لە باکووری کوردستانەوە، پارێزەر باسی لە بارودۆخی یاسایی و کردەوەی نامرۆڤانە لە زیندانی ئیمراڵی سەبارەت بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان کرد و ڕایگەیاند، دۆخی ئەشکەنجە و زیندانییەکان لە دەوڵەتی تورکیادا، کە سیستمێکی توندی تیادا بەڕێوە دەچێت، بەتایبەت لە زیندانی ئیمراڵی، کە زیاتر دوو ساڵە گۆشەگیری توند بەڕێوە دەچێت، پارێزەر و کەسوکاریشێ ناتوانن چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، وتیشی: دۆزی بەڕێز ئۆجالان دۆزی ئازادی و دیموکراسی گەلێکە، بەڵام خۆی ڕووبەڕووی گۆشەگیری دەبێتەوە، سی پی تیش هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر دۆخی بەڕێز ئۆجالان ناخاتەڕوو.

 

سەوسەن شۆمان، لە لوبنانەوە، وتەبێژی دەستپێشخەری نون بۆ ئازادی ئۆجالان، لە بارەی "چی بکەین بۆ تێکشکاندنی سیستەمی ئەشکەنجەدان لە ئیمراڵی، (نموونە: دەستپێشخەری نون)"، باسی لە ڕێگەی تێکۆشان بۆ تێکشکاندنی سیستمی ئەشکەنجەی ئیمڕاڵی کرد و وتی: "یەکگرتنی ژنان دەبێتە باشترین وەڵام، چونکە گۆشەگیری و ئەشکەنجە لەسەر زیندانی ئیمراڵی، هێرش و گۆشەگیرییە بۆ سەر گەل و بەتایبەت ژنان، چونکە ڕێبەر ئۆجالان ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادی ژنەوە گرێ دەدات"، هاوکات لەبارەی دەستپێشخەری نون بۆ ئازادی ئۆجالان، کە دەستپێشخەرییەکی ژنانە بۆ تێکۆشان و یەکگرتن دژی گۆشەگیری ئیراڵی سینەفزیۆنێک پێشکەش کرا.

 

 

"بۆ ئازادی تێکۆشانی هاوبەش پێویستە"

 

چرۆ، شوانی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و بەشداری کۆنفرانسەکە، بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا، "کۆنفرانسەکە یەکەمینە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە ببەسترێت، چونکە بە تایبەت باس لە تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان دەکات سەبارەت بە تێکۆشانی ژنان، یەکگرتن و هاتنە لای ژنان دەتوانێت ئەنجامی باش بگرێت، چونکە ئێش و ئازاری ژنان یەکە، لە ماوەی پانێڵەکاندا ژنانی وڵاتە جیاوازەکان باسیان لەوەکرد، لە ڕووی یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لەلایەن سیستمی باڵادەستی وڵاتەکەیانەوە وەلا دەنرێن، ئەمەش لە هەموو وڵاتەکان هاوتای یەکتر بوو، بۆیە خستەڕووی کێشەکانی ژنان و گفتوگۆ کردنیان لەگەڵ یەکدیدا، جەخت لەسەر سوربوونمان لەسەر تێکۆشانێکی هاوبەشی ژنان دەکاتەوە.

 

کۆنفرانسەکە بەردەوامی هەیە و گفتوگۆی ژنان دەستیپێکردووە، لە کۆتاییدا ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بۆ ڕای گشتی دەخوێندرێتەوە.