سویسرا ئاسەواری دێرینی ئاشوورییەکانی گەڕاندەوە بۆ عێراق

ئاسەواری مێژووی تایبەت بە ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە خاکی عێراق، شوێنەوارناسان دەڵێن گرنگییەکی تایبەتی بۆ میراتی ناوچەکە هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی دووشەممە، محەممەد جەواد، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە سویسرا، لە میانی مەراسیمێکدا کە لە بارەگای ئۆفیسی ڕۆشنبیری فیدراڵی سویسرا لە شاری بێرن بەڕێوەچوو، ئاسەوارێکی دێرینی ئاشوورییەکان لەلایەن فابیان باراگا سەرۆکی دەستەی تایبەتمەند بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی موڵک و ماڵی کولتووری لە فەرمانگەی ڕۆشنبیری فیدراڵی سویسرا، وەرگرت.

 

ئەو ئاسەوارە مێژووییەی تایبەتە بە ئاشوورییەکان لە عێراق درێژییەکەی ٦٤ سانتیمەتر، بەرزیەکەی ٤١ و ئەستوورییەکەی ٩ سانتیمەترە.

 

بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە سویسرا لە میانەی وتارێکدا کە لە مەراسیمەکەدا پێشکەشی کرد، هەوڵەکانی دەستەی تایبەتمەند بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی موڵک و ماڵی کولتووری لە فەرمانگەی ڕۆشنبیری فیدراڵی سویسرا بە نرخ زانی و ڕوونیکردەوە کە وەرگرتنەوەی ئەو شوێنەوارە زۆر گرنگە بۆ مێژوو و میراتی ڕۆشنبیری عێراق.

 

فابیان باراگا، سەرۆکی دەستەی تایبەتمەند بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی موڵک و ماڵی کولتووری لە فەرمانگەی ڕۆشنبیری فیدراڵی سویسرا ڕوونیکردەوە، سویسرا پەیوەندییە کولتوورییەکانی خستووەتە پێشینەی کارەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی نایاسایی بە موڵک و ماڵی کولتووری، میراتی کولتووری جیهان دەپارێزێت، شوێنەوارەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ خاکە دێرینەکانیان.

 

شوێنەوارناسان ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەم ئاسەوارە لە بنەڕەتدا تایبەتە بە خاکی موسڵ و گرنگییەکی گەورە بۆ میراتی عێراق نیشان دەدات.

 

هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاسەوارە مێژووییەکانی عێراق لە کاتێکدایە، لە پاش ئاڵۆزییەکانی ساڵی ٢٠٠٣ی ی عێراق، بەشێکی زۆری ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەم وڵاتە بە قاچاخ براوەتە وڵاتانی جیهان، ئەم ئاسەوارە مێژووییانە هەڵگری شارستانییەت و مێژووی دێرینی ناوچەکەن، گەڕاندنەوەیان میراتی کەلەپووری عێراق دەوڵەمەند دەکات.