"کۆنفرانسی ژنانی دەم پارتی: بەهێزترین ڕێکخراوی ژنان پێکدەهێنین"

وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، خالیدە تورکئۆغڵو، لە کۆنفرانسی "پێداگرین لەسەر ژیانێکی ئازاد و یەکسان، خۆمان بە ڕێخستن دەکەین"ی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی قسەی کرد و وتی: دەبێت بەهێزترین ڕێکخراوی ژنان لە ناوچەکەدا دروست ب

ناوەنده هەواڵ

 

ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل-دەم پارتی، دوێنێ ١٢ ئەیلول، یەکەمین کۆنفرانسی ناوەندی خۆی لە ژووری ئەندازیارانی بنیادنان بە دروشمی "ئێمە بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان بە بڕیارین، خۆمان بە ڕێخستن دەکەین" بەڕێوەبرد و ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت، لە کۆنفرانسەکەدا "ڕێکخراوی ژنان و یەکێتی ژنان" تاوتوێ دەکرێت، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تولای هاتیم ئۆغۆلاری و نزیکەی ٢٠٠ نوێنەر بەشدارییان کرد.

 

لە کۆنفرانسەکەدا، خالیدە تورکئۆغڵو، سەرۆکی ئەنجومەنی ژنان، ئاماژەی بەوەدا، ئەوان لە کاتێکدا ئەم کۆنفرانسەیان ئەنجامداوە کە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بووەتەوە و کۆمەڵکوژی ژنان زیادی کردووە، هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەوان یادی ئامینە شەنیاشار و هەموو ئەو منداڵە کوژراوانە، نارین، جەیلان، لەیلا دەکەنەوە.

 

خالیدە تورکئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سڵاو لە ژنانی خۆڕاگر، کە خۆیان ڕێکدەخەن و دەڵێن تێکۆشانی بە ڕێخستن، سڵاو لە زیندانەکانەوە بۆ شەقامەکان، لە کارگەکانی دروون بۆ کێڵگە، لە گوندەکانەوە بۆ گەڕەک، ئێمە لە مێژووی تێکۆشانمان ئیلهام بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و چەوساندنەوە دەگرین، ئێمە درێژە بە ڕێپێوانی ئازادی خۆمان دەدەین، خەباتی هەڤاڵەکانمان کە لە مێژووەوە تا ئێستا بەرخۆدانیان کردووە، کە گیانیان لەدەستدا و بۆ ئەو مەبەستە لە زیندانەکاندا گیران، سڵاو لە هەموو زیندانییە سیاسییە ژنەکان لە کەسایەتی فیگەن یوکسەکداگ، لەیلا گوڤەن، ئایشە گۆککان، سێمرا گوزەل، ئێمە ئەم کۆنفرانسە ڕێکدەخەین بۆ ئەوەی بپرسین چۆن دەتوانین بەم میراتە و بەم نرخانە ئەم ململانێیە بە وردی فراوانتر بکەین، ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بەم ڕێکخستنەیە.

 

"ئەم شەڕە شەڕی ژنان نییە"

خالیدە تورکئۆغڵو، لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: پێویستە بەرەی دژ بە شەڕ، واتە هاودەنگی ژنان، دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا و ناوچەکانی کوردستان دروست بکەین، چونکە ئەم شەڕە شەڕی ژنان نییە، ئەم شەڕە شەڕی گەل نییە، شەڕی گەنجان و کرێکاران و هەژاران نییە، ئەم شەڕە؛ شەڕەکە لە نێوان هێزە باڵادەستەکانی پیاودایە، شەڕی سەرمایەدارانە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "دەوڵەتە ڕەگەزپەرەستەکانی مەغریب و عێراق هەوڵدەدەن لە هەموو دەرفەتێکدا یاسا دەربکەن بۆ پەسەندکردنی هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان، ڕژیمی مەلا فاشیستەکانی ئێران هەموو جۆرە سیاسەتێک بە سێدارە بۆ بێدەنگکردن و سەرکوتکردنی دەنگی ژنان جێبەجێ دەکات، ترسی ڕژیم لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و سزای لەسێدارەدانی شەریفە موحەمەدی و پەخشان عەزیزی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، دوایین نیشانەی چەوساندنەوەیە".

 

لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان و وتی: ناتوانرێت چاپەمەنی ئازاد بێدەنگ بکرێت و ئێمە بە بنیادنانی بەهێزترین ڕێکخراوی ژنان لە ناوچەکەماندا هاودەنگی ژنان لە دژی شەڕ بنیات دەنێین، لەگەڵ ژنانی جیهان پێکەوە کار دەکەین، خەباتی ئێمە بۆ ئازادی ژنان ئەم بەرپرسیارێتییە دەخاتە ئەستۆی ئێمە، ئێمە ئەمە دەکەین، پێویستە ئەم کارە بکەین بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانمان.

 

هەروەها خالیدە تورکئوغلو باسی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد کە چون  گۆشەگیری  لە سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدۆڵا ئۆجەلان توندتر دەکەنەوە، کۆمەڵکوژییەکان ئاسایی دەکەن، ژنان لە بواری ئابووریدا هەژار دەکەن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە پێداگری لەسەر ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەکەین و بە هەموو ئەزموونە شۆڕشگێرییەکەمانەوە بە ڕێخستن بووین و سڵاو لە شاندی کۆنفرانس دەکەم، بژی یەکڕیزی ژن، ژیانی ژن، ئازادی".

 

دوای وتارەکە، کۆنفرانسەکە بە داخراویی بەڕووی ڕۆژنامەوانیدا بەردەوام بوو و بڕیارە  کۆنفراسەکە ئەمڕۆ ١٣ ئەیلول، کۆتایی دێت.