فاتمە بیلەن: لە دۆسیەی کۆبانێدا ئیرادەی گەل پێشێل دەکرێت

فاتمە بیلەن، هاوسەرۆکی شارەوانی کامپی پەنابەرانی مەخمور، سەبارەت بە دادگاییکردنی سیاسەتمەدارانی کورد لە دۆسیەی کۆبانێ بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و وتی: بە دادگاییکردنی سیاسەتمەداران ئیرادەی گەل پێشێل دەکرێت.

بەرژین کارا

 

مەخمور-حکومەتی تورکیا لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکانی کۆبانێ کە لە ساڵی ٢٠١٤ ڕوویدا کردەوە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا لیستی تاوانەکان لە دژی فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپەو ١٠ پەرلەمانتاری ئەو پارتە ئامادەکران، لەسەر ئەو بنەمایە، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٦، فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ ٧ پەرلەمانتاری هەدەپە بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان دەستگیرکران و لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا، ١٧ سیاسەتمەداری دیکەی هەدەپە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی نووسینگەی سەرۆکی داواکاری گشتی ئەنقەرە دەستگیررکان، کە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا لیستی تاوانەکان خرایەڕوو، ٢٢یەمین دادگای باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە لیستی تاوانەکانی لە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١پەسەند کرد.

 

لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ بڕیاری "دۆسیەی کۆبانێ" لە بەرامبەر ١٠٨کەس درا، ١٨ کەسیان لە زیندان بوون و ٧٢ کەسیان لە دەرەوەی وڵات بوون، لەو چوارچێوەیەشدا فیگەن یوکسەکداغ بە ٣٠ ساڵ و سی مانگ زیندانی و دەمیرتاش بە ٤٢ ساڵ زیندان سزایان بەسەردا سەپێندرا، دوای بڕیاری دەستگیرکردن، گەلی کورد و دۆستانی گەلی کورد لە کوردستان و دەرەوەی وڵات ناڕەزایەتییان دەربڕی.

 

فاتمە بیلەن، هاوسەرۆکی شارەوانی کامپی پەنابەرانی مەخمور، سەبارەت بە دادگاییکردنی سیاسەتمەدارانی کورد لە دۆسیەی کۆبانێ ڕایگەیاند لە بنەڕەتدا ئیرادەی خەڵک بە دادگاییکردنی سیاسییەکان پێشێل دەکرێت، لە کاتی پڕۆسەی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ، ئەردۆغان بۆ پشتیوانی لە داعش وتی، کۆبانێ دەکەوێت،  هەمووان بە چاوی خۆیان بینیان کە چۆن ئەردۆغان پشتگیریی داعش دەکات، لەو کاتەدا ئەردۆغان "دۆسیەی کۆبانێ"ی بە هی خۆی دەبینی،  بەگشتی دنیا شاهیدی دڕندەیی داعش بوو، کە چۆن گەلی کورد ڕووبەڕووی قڕکردن بووەوە، واتە ئەگەر ئەمڕۆ بە چاوی دونیا سەیری ئەردۆغان بکەین، ئەوا هەموو جیهان پاڵپشتی ئەردۆغان دەکەن بەمەش پاڵپشتی لە داعش دەکەن.

 

"هەموو جیهان لە بەرامبەر ئەم نادادپەروەرییە چاوی داخستووە"

 فاتمە بیلەن سەرنجی بۆ هاودەنگی گەلی کورد بۆ کۆبانێ ڕاکێشا و وتی: لەو کاتەدا گەلی کورد بە گشتی خاوەنداری لە کۆبانی کرد، هەمووی سەفەر بوون و خۆیان خستە بەردەم مەترسی داعش بۆ ڕزگارکردنی گەلی کورد لەو دڕندەییە، هەمووان لە باکوور و باشووری کوردستان ڕوویان کردە کۆبانێ، هەر کەسێک بڵێ من ویژدانم هەیە هەر بەوەوە ناوەستێت، لەو کاتەدا سیاسەتمەداران لە تورکیا و ئەوانەی بە ئیرادەی گەل هەڵبژێردرابوون، پشتیوانی خۆیان بۆ کۆبانێ ڕاگەیاند، بەڵام ئەمانە ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە لەبەردەم هەموو جیهاندا دادگایی دەکرێن، وەک چۆن لە سەردەمی کۆبانێدا گەلی کورد بە ناڕەوا مامەڵەی لەگەڵ کرا، جیهان چاوی لە دادگاییکردنی ئەو سیاسەتمەدارانە داخستووە.

 

"تا کۆتایی چالاکی بۆ ڕێبەرو زیندانییەکانمان ئەنجام دەدەین"

 فاتمە بیلەن ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکبوونەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرامبەر بە زیندانییەکان دژ بە ڕەوشتی مرۆڤایەتییە و وتی: بە چاوی خۆمان دەبینین نزیکبوونەوەی دەوڵەتی تورک لە زیندانەکاندا چۆنە، چۆن لە گەلی کورد نزیک دەبێتەوە کە دەچنە زیندان بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسییەی کە ئەنجامی دەدەن، وەک گەلی کورد تا کۆتایی چالاکی بۆ ڕێبەر و زیندانییەکانمان ئەنجام دەدەین، سەرەتا ڕێبەر و هەموو ئەو کەسانەی ئێستا لە زینداندان مافی خۆیانە لەگەڵ بنەماڵەکانیان کۆببنەوە، توڕەین لەو سزایانەی کە لەم دواییانەدا دراون و ئەو سزایانە بەسەر هەموو گەلی کورددا دەسەپێندرێن.