ڕێبەری گەلی کورد: گۆشەگیری هێشتا بەردەوامە
ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، پەیامێکی بۆ گەل نارد و ڕایگەیاند، "ئەگەر هەلومەرج فەراهەم بێت، من دەتوانم ئەم شەڕ و توندوتیژییە بەرەو پڕۆسەیەکی سیاسی و یاسایی بگوازمەوە".
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ، ٢٣ی تشرینی یەکەم، لە ئیمڕالی دیداری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ عومەر ئۆجالان، برازای ڕێبەر ئۆجالان و پەرلەمانتاری ڕەحای دەم پارتی ئەنجام درا، ڕێبەری گەلی کورد گۆڕانکارییە سیاسییەکانی بە شێوەیەکی گشتی هەڵسەنگاند و داوای کردووە ئەم پەیامەی بە گەل بگەیەندرێت: "گۆشەگیریی هێشتا بەردەوامە، ئەگەر هەلومەرج فەراهەم بێت، ئەوا من هەم لە ڕووی فکری و هەم بە پڕاکتیک دەتوانم ئەم شەڕ و توندوتیژییە بەرەو پڕۆسەیەکی سیاسی و یاسایی بگوازمەوە".
هەروەها عومەر ئۆجالان هەروەها نووسیویەتی: "دۆخی تەندروستیی ڕێبەر ئۆجالان باش بوو و سڵاوی بۆ هەمووان هەبوو."
جێی ئاماژەیە، ئەم دیدارە لە دوای ٤٣ مانگ گۆشەگیری توند ئەنجامدراوە، کۆتا جار لە ٢٥ـی ئاداری ساڵی ٢٠٢١، توانرا زانیاریی لە بارەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەستبخرێت، ئەوەش بە ئەنجامدانی پەیوەندیی تەلەفۆنی بوو لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برایدا و ماوەی پەیوەندییەکە تەنها سێ خولەک بوو، دوای ئەوە گۆشەگیرییەکی توند لە دژی بەڕێوەچوو، ڕێگە بە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ خانەوادە و پارێزەرانی نەدەدرا.