هاوڵاتییەکی سویدی بە هۆکاری جینۆسایدی ئێزدییەکان تاوانبار کرا

دادگاکانی سوید ژنێکی تەمەن ٥٢ ساڵان بە تاوانی کۆمەڵکوژی و بە کۆیلەکردنی ژنان و منداڵانی ئێزدی لە ماڵەکەی خۆی لە ڕەقە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٦، تاوانبار کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لێکۆڵینەوە لە سوید سەبارەت بە تاوانەکانی چەتەکانی داعش لە دژی ئێزدییەکان دەستیپێکردووە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، ژنێک بە "تاوانەکانی جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی قورس" تۆمەتبار کرا.

 

ئەو هاووڵاتییە سویدییە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن دادگای سویدەوە سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی ئەوەی ڕێگەی داوە کوڕە تەمەن ١٢ ساڵەکەی لەلایەن داعشەوە وەکو سەربازێکی منداڵ بەکاربهێنرێت، ئاژانسی ئەی پی و ڕۆیتەرز بڵاویانکردەوە، ئەو ژنەی لە دەستبەسەریدا دادگایی دەکرێت ناوی لینا لەینا ئیسحاقە.

 

داواکاری گشتی ڕینا دەڤگون لێدوانێکی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس دا و ڕایگەیاند کە لە کاتی لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا لێدوانیان لە شایەتحاڵەکانەوە پێگەیشتووە کە دەیانگوت 'خەڵک لە ڕەقە کۆیلە بوون' و ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکان قووڵتر بکەنەوە.

 

دانیشتنەکە لە ٧ی تشرینی یەکەم دەست پێدەکات

بە گوتەی ڕینا دەڤگون، ئەم ژنە بە چالاکییەکانی بەشداری لە تاوانەکانی داعش لە دژی ئێزدییەکان کردووە، داواکاری گشتی ڕایگەیاندووە کە تۆمەتبار ٩ کەسی وەک کۆیلە لە ماڵەکەی خۆیدا لە ڕەقە گرتووە، کە ٣ ژن و ٦ منداڵ بوون، ئەم کەسانە لە ٢٠ ڕۆژەوە تا ٧ مانگ لە ماڵەکەدا ماونەتەوە و ناچار کراون کارەکانی ماڵەوە ئەنجام بدەن.

 

ڕینا دەڤگون ئاماژەی بەوەشکردووە، وێنەی ئەم ژن و منداڵانە 'بە مەبەستی فرۆشتن' گیراوە، بەڵگەنامەکە لە قسەی ئەو کەسانە پێکهاتووە کە سەردانی قوربانییەکە و ژنەکەیان کردووە.

 

ئەم تاوانە لە سوید سزای زیندانی هەتاهەتایی هەیە، دانیشتنەکە لە ٧ی تشرینی یەکەم دەست پێدەکات و لانی کەم ٢ مانگ دەخایەنێت.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگری، نزیکەی ٣٠٠ سویدی کە لە چوار کەس یەکێکیان ژنە، پەیوەندییان بە ڕیزەکانی داعشەوە کردووە بەتایبەت لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٤ لە سووریا و عێراق کردووە.