دایکانی دادپەروەریخواز: لە ١٦ ئەیلوولدا بەشداری مانگرتنی گشتی بکەن

لە ساڵیادی کوشتنی دەوڵەتیی ژینا ئەمینیدا، دایکانی ئاشتی کە داوای دادپەروەری دەکەن، داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری مانگرتنی گشتی لە ١٦ی ئەیلوولدا بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دایکانی ئاشتی کە داوای دادپەروەری دەکەن، ڕایانگەیاند پشتگیری لە بڕیاری چالاکوانانی مەدەنی دەکەن بۆ مانگرتنی گشتی لە ١٦ی ئەیلوولدا، هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمەوە داواشیان لە خەڵک کرد، بە داخستنی شوێنە بازرگانی و دوکانەکان بەشداری بکەن لەم مانگرتنە بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی".

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن کەسوکاری قوربانیانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوکراوەتەوە، ئەو دایکانە ڕایانگەیاندووە، بە دووەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی و دەستپێکی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک دەرفەتێک بۆ یەکڕیزی، جەختیان لەوە کردەوە کە ئازیزان و قارەمانانی ئەم شۆڕشە گیانی خۆیان لە تێکۆشان بۆ ئازادی بەختکردووە.

 

لەم ڕاگەیندراوەدا ئەوەش هاتووە کە بنەماڵەی قوربانیان داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەن کە بە مانەوە لە ماڵەوە و داخستنی کارگە و دوکانەکان، ڕێز لەم ڕۆژە بگرن و سەردانی گۆڕی ئازیزانیان بکەن.

 

ئەو دایکانە ئەم کارەیان بە نیشانەی دووپاتکردنەوەی سۆزی خۆیان لەگەڵ شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و پشتیوانیکردن لە ئامانجەکانیان زانی و جەختیان لەوە کردەوە، یادی ژینا ئەمینی و هەموو قوربانیانی ئەم شۆڕشە بە نرخ و هەمیشەیی دەبێت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە هێرش و گوشارەکانی ڕژێمی ئێڕان بۆ سەر ئەم بنەماڵانە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو بەردەوامی هەبووە و لە ڕۆژی ١١ی ئەم مانگەدا میلاد محەمەدی، کوڕی دایە مینا سوڵتانی دایکی شەهریار محەمەدیی یەکێک لە قوربانیانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، هێزە ئەمنیەکانی ڕژێمی ئێران هێرشیان کردووە سەر ماڵی دایکی و تا ئێستاش هیچ زانیاریەکیان لە سەر بار و دۆخی دایکی نییە.

 

هەروەها ڕایگەیاندووە کە "بەرپرسیارێتی ژیانی دایکم لە ئەستۆی ڕژێمی ئیسلامی ئێراندایە".