چەند چالاکوانێک بە ٢٠ ساڵ زیندانی سزا دراون

چەند چالاکوانێکی ژن کە لە بواری میدیا و ژینگەدا کاریان دەکرد بە تۆمەتی جیاواز سزای ٢٠ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پێنج ژنی خەڵکی گیلان کە لە بوارەکانی میدیایی و ژینگەپارێزیدا چالاک بوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕژێمی ئێرانەوە بە کۆی گشتیی سزای زیاتر لە ٢٠ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

بەپێی هەواڵە ناوخۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، پێنج ژنە چالاکوانی خەڵکی گیلان لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت، بە ئاڕاستەکردنی دوو تۆمەتی جیاواز، سەرجەمیان زیاتر لە ٢٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە و بڕیارەکەی دادگاشیان بە فەرمی پێ ڕاگەیەندراوە.

 

ئاناهیتا دووستدار، نینا گوڵستانی، ڕۆزیتا حاجی، ئاناهیتا حیجازی و نگین عیدالەتخا، هەر یەک بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکی دژ بە حکومەت" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.