شاندی دەم پارتی و تەژەئە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و ڕژاک کۆبوونەوە

شاندی پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ئەندامانی تەژەئە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک کۆبوونەوە و گرنگی پێکهێنانی خەباتی هاوبەش و شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالانیان باس کرد.

سلێمانی

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، شاندی دەم پارتی و تەژەکە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد و جەختیان لەسەر پێکهێنانی ڕۆحییەتێکی یەکێتی نەتەوەیی کردەوە بۆ دۆخی ئێستای کوردستان بەگشتی.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، سارا عەلی، نوێنەری ژن لە جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، ڕایگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە ئیدانەی ئەو کارانە دەکات، کە بە نادادی کراوە بەرامبەر گەلی کورد و هەمیشە لەگەڵ دۆزی کورداین لە هەر چوار پارچە، وەکو بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام لە دانیشتنەکانماندا باسمان کردووە.

 

نەورۆز ویسال، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە وتی: لە سەردانەکەماندا جەختمان لە پێشخستنی ڕۆحییەتێکی یەکێتیی نەتەوەیی کردەوە، ئێمەی کوردان چی ئەرکێکمان دەکەوێتە سەر شان بۆ پێکهێنانی ئەو یەکێتییە پێکی دەهێنین، باسمان لە بارودۆخی زیندانیانی سیاسیی و بە تایبەت بەڕێز ئۆجالان کرد، کە ماوەیەکی درێژە هیچ زانیاریەک لە بارەیەوە بەردەست نییە، هەروەها ئەو فشارانەی دەوڵەتی تورک لە باکوور و بەشەکانی دیکەی کوردستانی دەیکات، هەڵمانسەنگاند چۆن بتوانین ڕووبەڕووی ببینەوە، هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕانیش زۆر باش بوو.


         


        

شاندەکە لەگەڵ ڕژاک کۆبوونەوە

هەر ئەمڕۆ شاندەکە لەگەڵ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک کۆبووەوە و دایکانی ئاشتیش بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد، تیایدا باس لە پرسەکانی ژنان و دەستەبەرکردن و هەوڵدان بۆ ئازادبوونی ژنان لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە باشووری کوردستاندا کرد، هەروەها شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و ئازادی جەستەیی ڕێبەری ئۆجالان بە ئازادی کۆمەڵگە لە قەڵەمدرا.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕووناک مەجید، ئەندامی ڕژاک، ئاماژەی بەوەدا، "هەموو داگیرکاری و جەنگەکان ڕوبەڕووی ژنان دەبێتەوە، لە درێژەی ئەنفال کردن و شەری داعش و تەواوی ئەو داگیرکارییەکانی ئێستا ڕووبەڕووی باشووری کوردستان دەبێتەوە، ژنان بەردەوام ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە، بە تایبەت لە باشووری کوردستان کە توندوتیژی و کوشتن زیاد دەکات، بۆیە ڕێبەر ئۆجالان لە دژی ئەم ژن کوشتنە فکری ئازادبوونی ژنانی هێنایە کایەوە و لەسەر فکری ڕێبەر ئاپۆ ئازادبوونی ژنان بنیاد دەنرێت.

 

ڕووناک مەجید، وتیشی: هاتنی شاندی باکووری کوردستان هێز و مۆڕاڵێکە بۆ ژنانی باشووری کوردستان تا بتوانین بەردەوام بین لە کار و خەباتمان بۆ ژنانی باشووری کوردستان، هەروەها هاوکاری یەکین بۆ ئازادبوونی ژنان و گەل و بۆ ئازادبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیش هەمیشە لە هەوڵدا دەبین تا دەستەبەرکردنی پرۆسەی ئاشتی لە جیهاندا.

 

هەروەها شاندی ژنانی دەم پارتی و تەژەئە، تیشکیان خستەسەر گرنگی خەباتیی یەکێتی نەتەوەیی کورد و یەکگرتوویی ژنان و گرنگی ئازادیی بەڕێز ئۆجالان کرد، لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریی و کۆتاییهاتن بە شەڕ، هەروەها جەختیان لە گرنگی یەکهەڵوێستی ژنان و کۆمەڵگە کردەوە لە دژی شەڕ و داگیرکاریی.