لە گەرمیان ژنێک بە گوماناوی گیانی لەدەستدا

پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، لە گوندی عەوڵاقوت  تەرمی ژنێک گەیەندرایە پزیشکی دادی کەلار، کە بەهۆی خنکان بە پەت گیانی لەدەستدابوو.

ناوەندی هەواڵ

 

گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان بووەتە هەواڵی ڕۆژانەو بکوژانی ژن بۆ دەربازبوون لە سزاو یاسا، هانی ژنان دەدەن خۆیان بکوژن، یاخد دەیانکوژن و تاوانەکە دەخەنە سەر ژنان خۆیان.

 

عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، نیوەڕۆی ٢٢ی حوزەیران، لە گوندی عەوڵاقوتی سەر بە شارەدێی سەرقەڵاوە لە گەرمیان، تەرمی ژنێک براوەتە پزیشکی دادوەری شارۆچکەی کەلار، کە بەهۆی خنکانەوە بەپەت گیانی لەدەستدابوو.

 

پۆلیس ئەوەشی ئاشکراکرد، ژنەکە لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٠ بووە بە ناوی "گ.د.ب"، بە وتەی کەسوکاری ناوبراو خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەستداوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی پۆلیس، پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکار و چۆنێتی ڕووداوەکە کراوەتەوە.

 

بەپێی ئاماری نوژنها کە لە مانگی ئادار تا سەرەتای مانگی حوزەیران کۆیکردووەتەوە، لە باشووری کوردستان ١٤ ژنیان کوژراون، یاخود ناچار بە خۆسووتاندن کراون و بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.