ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە
کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا "MKG" ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕۆژی هەینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکراون، بڵاوکردەوە.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/02/20240210-20240209-823x463cc-mkg-jpg1f8eec-image-jpg4b14ce-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامەنووس کیبرییە ئەڤرەن لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٩ی شوبات دەستگیرکرا و ڕۆژنامەنووس سەلامەت توران لەهەمان ڕۆژدا لە جزیرە دەستگیرکرا، کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا "MKG" لەم بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە شەوی ڕابردوو ٩ی شوبات بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەکراوە، هێرشەکان و فشارەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا لە زیادبووندایە، بە تایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی حکومەتی ناوخۆ کە لە ٣١ی ئاداردا ئەنجام دەدرێت، فشار و هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەگەری ئازاد لە زیادبووندایە، بەیانی ئەمڕۆ پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس کیبرییە ئەڤرەن و دەستگیریان کرد، هەروەها ڕۆژنامەنووس سەلامەت توران ئەم بەیانییە لە ناوچەی جزیرەی شاری شرناخ دەستگیرکرا، کیبرییە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ناتوانێت لەگەڵ پارێزەرەکانی کۆببێتەوە.
"تێکۆشانیان هێز و هیوای کۆمەڵگەکەیانە"
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا ڕایگەیاند، "ڕۆژنامەنووسان هەم دەستگیرکراون و هەم ڕووبەڕووی بێ یاسایی بوونەتەوە، مافە ڕەواکانیان پێشێلکراوە، لەبەر ئەوەی ڕاستییەکان بە کۆمەڵگە دەڵێن، ئەوان دەبن بە دەنگی کۆمەڵگەو بە پێنووس و کامێراکانیان لە مەیدانەکاندا بەردەوام دەبن لە خەباتیان، وەک کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا "MKG" دەڵێین لەگەڵ خەباتی هاوکارەکانمانداین، تێکۆشانیان هێز و هیوای خودی کۆمەڵگایە، هەروەها پارێزەرانی کۆمەڵەکە بەدوای کەیسی ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان دەکەون، لە دژی فشار و سەرکوتکردنی هاوکارەکانمان، ئێمەش خەباتی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەپارێزین کە ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە، ناتوانێت هیچ فشارێک بخاتە سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، خاوەنداری لە پێنووس و کامێراکانی هاوکارەکانمان دەکەین".