جارێکی تر مامۆستایان ڕایانگەیاند درێژە بە بایکۆت دەدەن

ئەمڕۆش مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و چالاكوانان خۆپیشاندانی به‌رفراوانیان ڕێکخست و ڕایانگەیاند، تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوامی دەدەن بە بایکۆتکردنی چوونە هۆڵەکانی

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە بە ئاماده‌بوونی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و چالاكوانان خۆپیشاندانی به‌رفراوانی مامۆستایان بەڕێوەچوو، ڕایانگەیاند، تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوامی دەدەن بە بایکۆتکردنی چوونە هۆڵەکانی خوێندن،

 

عائیشه‌ ئه‌حمەد، وه‌ك چالاکوان، فەرمانبەر و دایكی خوێندكاران بەشداری خۆپیشاندانەکەی کرد و وتی: هاتووم بۆ داوای مافی ڕەوا و پاڵپشتی و پشتگیری فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان، بە چ مافێک  داوا ده‌كه‌ن ده‌وام بکرێتەوە، کاتێک هاوژینەکەم مافی خۆی وەردەگرێت، من و منداڵەکانیشم مافی خۆمان وەردەگرین، ئێمە لەگەڵ وەرگرتنەوەی مافەکانمان دەچینەوە فەرمانگە حکومییەکان و ناوەندەکانی خوێندن، بۆیە تاوه‌كو مافه‌كان به‌ده‌ست نه‌هێنین، ناچینه‌وه هۆڵه‌كانی خوێندن.

 

ده‌ریا حەمەئه‌مین، مامۆستایه ‌و باس له‌وه‌ ده‌كات، دژی سته‌م و نادادییەکان هاتوونه‌ته‌ شەقام و مامۆستایان له‌ هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕاستییەکان نەکەنە قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و نه‌بن به قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و كۆیله‌كان، وتیشی: پیشه‌ی مامۆستا ئەخلاق سازییه‌ و مانا به‌خشینه‌ بە مرۆڤبوون و گەڕاندنه‌‌وه‌ی ژیانه‌ بۆ مرۆڤبوون.

 

جێی ئاماژەیە گروپێک لە مامۆستایانی ناڕازی دوێنێ، ٢٦ی تشرینی دووەم بەرەو شاری بەغدا بەڕێکەوتن بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان و لە بازگەی شاری کەرکوک ڕێگەیان لێگیرا تا بگەنە بەغدا، ئەمەش بووه‌ هۆی توڕه‌یی مامۆستایان و وانه‌بێژان و فه‌رمانبه‌ران، ئەمڕۆش لە شاری هەڵەبجە، سلێمانی و ناوچەکانی دیکە بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان بەردەوامیدان بە بایکۆتیان ڕاگەیاند.