هەڵمەتی واژۆ لە دژی هێرش: له چوار پارچەی جیهان به شداریان کرد

لەبارەی هەڵمەتی واژۆی دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نورشان حسێن، وتەبێژی پلاتفۆرمی دیبلۆماسی کۆمەڵایەتی وتی: هەڵمەتەکە بەردەوامە و لە سەرانسەری جیهان ئەنجامدراوە.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-لە دژی هێرشی سەر  باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کەبووە هۆی گیان لەدەستدانی ٤٨ کەس لەنێویاندا دوو منداڵ هەبوون، پلاتفۆڕمی دیپلۆماسی کۆمەڵایەتی هەڵمەتێکی بە ناوی "جەنگی دژ بە مرۆڤایەتی بوەستێنە" لەگەڵ ٢٢ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی دەستپێکرد، نورشان حسێن، وتەبێژی پلاتفۆرمی دیپلۆماسی کۆمەڵایەتی باسی هەڵمەتەکەی کرد.

 

هێرشەکان تاوانی جەنگن

نورشان حسێن تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و وتی: ئامانجی هێرشەکان لەناوبردنی ژیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە کە لەسەر بنەمای سیستمێکی دیموکراتیک و ئەڵتەرناتیڤە، دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە ژیانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ شۆڕشی ژناندا لەناو ببات و سیاسەتی گۆڕانی دیمۆگرافی لەسەر ئەو بنەمایە جێبەجێ بکات، ئەم کردەوە پیسانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات لە یاسا و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکاندا قبوڵ ناکرێن، ئەمانە تاوانی جەنگن.

 

به بەشداری ٢٢ دەزگا هەڵمەتی واژۆکردن دەستیپێکرد

نورشان حسێن ئاماژەی بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆکان کرد دژی هێرشەکان و وتی:لە ٨ی تشرینی یەکەم ٢٢ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ژنان، سۆسیالیستەکان، ئەنارشیستەکان، ژینگەناسان و دۆستانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کرد هەڵوێستێک لە دژی هێرشەکان بگرنەبەر و بێدەنگ نەبن.

 

لە سەرانسەری جیهانەوە بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە

نورشان حسێن ڕایگەیاند، هەڵمەتەکە لە هەموو جیهان ئەنجامدراوەو وتی: هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆی نێودەوڵەتی لەژێر ناونیشانی "جەنگی دژ بە مرۆڤایەتی بوەستێنە" بە سێ زمان بڵاوکرایەوە: ئینگلیزی، پورتوگالی و ئیسپانی. چەندین بزووتنەوە و ڕێکخراو لە ئەمریکای لاتین و هیندستان و چین و ئەوروپا بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بەشداریان لەم هەڵمەتەدا کرد.

 

لەسەر ماڵپەڕ هێرش کرایە سەر هەڵمەتەکە

نورشان حسێن ئەوەیخستەڕوو، دەوڵەتی تورک هێرشی کردووەتە سەر ئەو هەڵمەتە و وتی: دەوڵەتی تورک هێرشێکی دیجیتاڵی کردە سەر ئەو هەڵمەتە، دەیویست ماڵپەڕی هەڵمەتەکە تێکبدات، بەڵام تا ئێستا ئەم هەڵمەتە بەردەوامە، بۆ ماوەی سێ رۆژی دیکە بەردەوام دەبین لە چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکە.

 

بانگەواز بۆ بەشداریکردن له هەڵمەتەکە

نورشان حسێن وتی: ئەنجامەکانی ئەم هەڵمەتە لە نامەیەکی کراوەی هاوبەشدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە بەرپرسیارەکانی کاروباری مرۆیی و یاسایی دەنێردرێت، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەمە بەشێکە لە فشارەکان بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوێست وەرگرتن دژی هێرش و کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.