لە ئەیلوولدا ٤٨ بوومەلەرزە لە عێراق تۆمار کراوە

دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق ئاشکرای کرد، لە مانگی ئەیلوولدا ٤٨ بوومەلەرزەیان تۆمارکردووە کە زۆترینیان لە سلێمانی ڕوویداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق لە ڕاپۆرتێکیدا کە ٣ی تشرینی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگی ئەیلوولدا ٤۸ بوومەلەرزە لە عێراق تۆمارکراون و گوڕەکانیان لەنێوان ۱ بۆ ٥.۲ پلە بە پێوەری رێختەر بووە، قووڵاییشیان لەنێوان ٦ بۆ ۲۹ کیلۆمەتر بووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەو مانگەدا ۱٥ بوومەلەرزە لە پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە کە زۆرترین چالاکیی بوومەلەرزەی تێدا بووە، هەروەها ٧ بوومەلەرزە لە پارێزگای هەولێر ڕوویداوە، ٦ بوومەلەرزەش لە پارێزگای واست و چوار بوومەلەرزە لە پارێزگای نەینەوا تۆمار کراون.

 

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، دوو بوومەلەرزە لە پارێزگای میسان و بوومەلەرزەیەکیش لە هەریەکە لە پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە تۆمارکراون.