سودان، ژنان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان

دوای شەڕی بەردەوام لە وڵاتەکەدا، شەپۆلی ئاوارەبوون لە سودانەوە بەردەوامە و بارودۆخی مرۆیی خراپتر دەبێت، بەهۆی کەمی خۆراک و دەرمان و بارانبارینەوە مەترسی لەسەر منداڵان زیاد دەکات.

مەیسا قازی

 

سودان- زیاتر لە سێ مانگە شەڕ لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا "RSF" بەردەوامە و ژنان بەهۆی خراپی دۆخی مرۆییەوە دەناڵێنن، دانیشتوانی شارەکانی مەروی و کەریمە، کە دەکەونە کەناری ڕووباری نیل لە ویلایەتی باکوور چەند ڕۆژێکی سەختیان بەسەربرد و دوای ئەو شەڕانەی کە لە فڕۆکەخانە و بنکەی ئاسمانی نێوان هەردوو لایەنەکەدا ڕوویدا و ئارامبوونەوە دۆخی ناوچەکە، شارەکە ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی وەرگرت کە لە خەرتوومی پایتەختەوە چووبوون.

 

زۆربەی ئاوارەکان، بە لایەتی کەمەوە ئەندامێکی خێزانەکەیان لە شەڕدا لەدەستداوە، ئەمەش بەرپرسیارێتی پشتیوانیکردنی منداڵەکانیانی زیاد کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی هەواڵی ئەوەیان پێگەیشتووە کە ماڵەکانیان لەدەستداوە، ڕەحاب بەداوی لە شاری کەریمە ڕۆژانی سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەی باس کرد و وتی: بۆ یەکەم جار شتێکی لەو شێوەیە لە هەرێمی باشوور ڕوودەدات، پێکدادانەکان لە ڕۆژئاوای مەروی بوون و ئێمە لە ڕۆژهەڵات بووین لە شاری کەریمە، بەڵام گولـلە و تەقەمەنی گەیشتە ئێمە، بە هیوای ئەوەی ئاسایش و ئاشتی لەو وڵاتەی کە بەهۆی جەنگەوە ماندوو، بووە سەرکەوتوو بێت.

 

نەخۆشخانەو دەرمان بەردەست نییە

مەلاز نەسر، کە لە خەرتوومی پایتەخت ئاوارە بووە و لە شاری ئۆمدورمان دەژی، وتی: لە ڕۆژانی سەرەتادا بۆردومانی ئاسمانی چڕمان بینی، ژمارەیەکی زۆر بریندار و تەرم لەسەر زەوی بوون، بارودۆخەکە زۆر سەخت بوو، بۆیە بڕیارماندا ماڵەکە بەجێبهێڵین، ئەوە بڕیارێکی زۆر قورس بوو، خۆزگە ئەوە تەنها خەونێک دەبوو، نازانم کەی دەتوانین لەمە تێبپەڕین، هەموو شتێکم لە دوای خۆم بەجێهێشت و هاتم بۆ شارێکی نوێ کە هیچ نازانم و دەبێت دووبارە دەست پێبکەمەوە، ئەگەری ئەوە هەیە دایکان و باوکانمان لە هەر ساتێکدا نەخۆش بن، هەروەها نەخۆشخانە و دەرمانمان نییە، هیوادارم هەموو ئەمانە بە زووترین کات کۆتایی پێ بێت.

 

نەجود تاج سیر لە کەریمە دەژی وتی: لە ئێستادا دوورین لەوەی لە خەرتوم ڕوودەدات، بەڵام دڵمان لەگەڵ ئەواندایە، ئەوەی ئێستا ڕوودەدات زۆر دڵتەنگمان دەکات، وەک گەنجان جەنگەکە بووەتە هۆی لەدەستدانی هیواکانمان، هیوادارین سبەینێ باشتر بێت و جەنگ کۆتایی بێت و سودان لە ئێستا باشتر بنیاد بنێینەوە.