شکستی یانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرفەتی درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکانە

لەگەڵ شکستی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کۆماری ئیسلامی ئێران، خەڵک لە سەرتاسەری ئێران درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانیاندا، هێزە ئەمنییەکان سەرکوتی ناڕەزایەتییەکەیان کرد و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو خولی جامی جیهانی تۆپی پێ-مۆندیال لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی ئێران نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و بەهۆی شکستەوە لە مۆندیال دەرچوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، خەڵکی سەرتاسەری ئێران دوای شکستی هەڵبژاردەی کۆماری ئیسلامی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و شکستی هەڵبژاردەکەیان وەک دەرفەتێک زانی بۆ درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان، لەگەڵ ئاهەنگگێڕاندا دروشمی دژە حکومەت و لایەنگری ئازادییان بەرزکردەوە.

 

دڵخۆشبوونی دانیشتوانی وڵاتێک بە شکستی هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیالدا، دەگمەنە، بەڵام بەهۆی پشتیوانی نەکردنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە و سەرکوتکردنی توندی خەڵک لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، گەل دژایەتی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد و شکستی وڵاتەکەیان لە جامی جیهانیدا بە نیشانەی سەرکەوتنی گەل زانی و وێڕای دەربڕینی دڵخۆشییەکەیان، درێژەیان بە ناڕەزایەتی و خەباتیان دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دا.

 

هاوڵاتیان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕژانە شەقام و گەڕەکەکان و هۆڕنیان لێدەدا و دروشمی دڵخۆشییان لە شکستی یانەکە و ئازادی و دژە حکومەتیان دەوتەوە.

 

هێزە ئەمنییەکانی ڕژێم سەرکوتی ناڕەزایەتییەکەیان کرد و بەفڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ و تەقەی ڕاستەوخۆی دەمانچە و گوللەی جەنگی ویستیان بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن، بەپێی هەواڵەکان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ، گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی میهران سەماک لە گەڕەکێکی ئەنزەلی کوژرا و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون، بە تایبەت لە شاری سنە.

 

بە دەستێوەردانی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و توندوتیژیی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکانی خەڵک بووە هۆی بەرپەرچدانەوەی خۆپیشاندەران و بە پێی ئەو وێنانەی لە کامیاران بڵاوکراونەتەوە، دوای تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە ناڕازییان، خەڵک ئاگریان لە بانکی سپا و میلەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردا.