وریشە مورادی: داعش سەر دەبڕێت، ڕژێمی ئیسلامیش لەسێدارە دەدات

وریشە مورادی، چالاکوانی مافەکانی ژنان، بە بڵاوکردنەوەی بەرگرینامەیەک ڕایگەیاند، وەک ناڕەزایەتییەک دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، ئامادە نییە بەشداری لە دانیشتنی دووەمی دادگا، کە بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوە بچێت، بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

وریشە مورادی، چالاکی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار و زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی ئەڤین، بەرگرینامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئامادە نییە لە دانیشتنی دووەمی دادگاییکردنیدا، کە بڕیارە ئەمڕۆ لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بەڕێوە بچێت، بەشدار بێت، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سزای لە سێدارەدانی چالاکوانان پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی  بە ناوی کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا گوشارێکی زۆری لەسەر بووە، لەوانە ئەشکەنجەدانی سپی، سیناریۆی دژبەیەک و فریودەر و هەڕەشەی تیرۆرکردن، دانپێدانانی زۆرەملێ و هتد، دەشڵێت: بۆچی شەڕ دژی هێزێکی تیرۆریستیی وەک داعش یەکسانی شەڕ دژی ڕژێمی ئیسلامی دادەنرێت؟ کەواتە بانگەشەی ڕژێمی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە کوێی مێژوودا جێی دەبێتەوە؟ داعش سەرمان دەبڕێت و ڕژێمی ئیسلامی سەرمان دەکات بە پەتەوە، هیچ زانیارییەکی سیاسی-یاسایی ناتوانێت ئەم پارادۆکسە چارەسەر بکات، بۆیە با هۆشیار بین.

 

دەقی بەرگرینامەی وریشە مورادی؛

سزای نادادپەروەرانەی لەسێدارەدانی ژنە تێکۆشەران (شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی) لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، دانپێدانانی ڕژێمی ئیسلامییە بە ناکارایی و بێدەسەڵاتی سیاسی خۆی، خۆنمایشکردن بەوەی حکومەتی نوێ دەسەڵاتدارە و دروستکردنی تیرۆر و بڵاوکردنەوەی سەرکوت لە سەروبەندی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە خەیاڵێکی درۆ زیاتر نییە، لەم ڕووەوە تۆمەتبار کراوم بە "یاخی-بەغی" بەهۆی تاوانی ژنبوون و کوردبوون و گەڕانم بە دوای ژیانێکی ئازاددا. ئێستاش دوای ساڵێک لە دەستبەسەرکردنی کاتی، لە ڕیزدا چاوەڕێی دانیشتنی دووەمی دادگام، لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی دادوەر سەلواتی لە ٤ی ئابدا، هەرچەندە دەزانم ئامادەنەبوون لە دادگا ڕەنگە وا لێکبدرێتەوە کە نەمەوێت بەرگری لەخۆم بکەم، بەڵام وەک نیشانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر سزای لەسێدارەدان بۆ هەڤاڵانم شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی نامەوێت بچمە دادگا، ناچمە دادگایەکی لەو جۆرە کە بڕیاری دادپەروەرانە دەرناچێت و بە فەرمی دانی پیادا نانێم.

 

زۆر جار لە هەلومەرجی سەختی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەکاندا بەرگریی خۆمم خستووەتەڕوو، بەڵام ئەمجارە ئەمە نامەی بەرگریی منە کە بۆ خەڵک و ئەو کۆمەڵگەیە دەنووسم کە هەمیشە وریا و هۆشیار و ئازادیخوازە. من دەمەوێت بە پێی دادپەروەری کۆمەڵایەتی سزا لەسەر من و چالاکییەکانم بدەن.

 

ژیان لە سەدەی بیست و یەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هێزە هەژموونگەرە جیهانییەکان و دەوڵەتە نەتەوەییە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە هەوڵیانداوە بەها و کولتوورەکان دەستبەسەردابگرن و دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەریدا بگەڕێننەوە، واتە ژیان لە جوگرافیایەکدا کە بە خاک و خوێن داپۆشراوە و ڕۆژانە شایەتحاڵی جینۆساید و ئاسیمیلەکردنی پێکهاتەکان و بەدەستهێنانی زۆرەملێیە، ژیان لە کوردستان بە واتای ژیانی بێ گەرەنتی یاسایی، ئابووری، سیاسی، پەروەردەیی و ...هتد، وە بە واتایەکی تر بێکاری، هەژاری، هەڵاواردن، گرتن، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان و کوشتنی کۆڵبەران (شەهیدانی نان)ە.

 

ناسنامەی مرۆڤ و ئەو هەلومەرجەی کە ڕاستەوخۆ تێیدا ژیاوە، باشترین پاڵنەر و ڕێنماییە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ستەم و مرۆڤە ستەملێکراوەکانی تر، بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵیان کاربکەین بۆ گۆڕینی دۆخەکە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرس و کێشەکان. من وەک ژنێکی کورد پشتم بە مێژوو و کولتوور و ناسنامەی خۆم بەستووە، لە کاتێکدا ئەوان هەمیشە هەلومەرجەکانیان بە ئاراستەی نامۆبوون لە ناسنامەکەمان و دەربازبوون لە ناسنامەکەمان داڕشتووە. گەلێک کە تووشی بەرکارهێنان و هەڵاواردن کە لە سیستەمی نەتەوە پەرستی و ڕەگەزگەرا و ئاینییەوە سەریهەڵداوە و لە ئەگەری خستنەڕووی ناسنامە و باوەڕ و گوتاری چینایەتی لە ناوچەکەدا، سەرکوت کراون و بە ناوی درۆ و ئەمنی تۆمەتبار کراون و دەستگیر کراون، زیندانی و ئەشکەنجە و لەسێدارەدراون. ئەم دۆخە من و زۆرێکی وەک منیش دەگرێتەوە کە لە بارودۆخێکی نایەکسانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و پەروەردەیی داین، لە کاتێکدا ئێمە - وەک تاک و وەک کۆمەڵگە - ویستوومانە لە بابەتگەراییەوە بگۆڕین و لە هەمان کاتدا بوونمان هەبێت، بێگومان دەربڕینی ئەم شتانە بە واتای پێشوەختەیی کوێرانە نییە بەرامبەر بە پرسی شوناس و پشت بەستن بە فۆرمی ناسیۆنالیزم، بەڵکو هۆشیاری شوناسە؛ چونکە دەزانم ناسیۆنالیزمی توندڕەو هەمووان بەرەو فاشیزم دەبات. ئەمە ڕێک ئەو واقیعە تاڵەیە کە ڕووبەڕووی بووینەوە؛ ئێمە وەک ئۆبژەیەک دادەنرێین کە ناتوانین گوزارشت لە بوونمان بکەین و ئەگەر ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆمان دەرببڕین، ڕووبەڕووی دوورخستنەوە دەبینەوە.

 

لە هەموو ئەو ساڵانەی کە خۆم ناسیوە، نە توانیومە و نە ویستومە بێباک بم بەرامبەر بە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، من پێم باشتر بوو لە بناری زاگرۆس بمێنمەوە کە لەوێ گەورە بووم، نەک بەجێی بهێڵم و ژیانێکی سەرنجڕاکێش و خۆش لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بژیم، زۆر بریندار بووم و زۆر برینم تیمار کرد، دوو ڕێگام بۆ پێشەوە هەبوو: یان دەبوو ئۆبژەی هەبووم قبوڵ بکەم و بەبێ هیچ بەرەنگارییەک بە ستەمەوە بەرگەی ژیان بگرم، یان حەقیقەتی بوونم دەدۆزمەوە، بۆیە لەبری "نەفرەت لە تاریکی، مۆمێکم داگیرساند".

 

من لە سەرەتای ژیانی خوێندکاریمدا وەرزشوان بووم. هەوڵدان بۆ ژیان لەگەڵ زانین و هۆشیاریدا، منی خستە سەر ڕێگایەک کە سوودی بەکۆمەڵم لە پێشینەی کارەکانم دانا لە بەرامبەر سوودی تاکەکەسیدا، لە کۆمەڵە و ڕێکخراوە ناحکومییەکان -NGO و گروپەکانی خوێندکاران بۆ ژنان، منداڵان، گەنجان، قوربانیانی ماددە هۆشبەرەکان، وەرزشدۆستان، لە چینە بێبەشەکان و ڕزگاربووانی بواری پەروەردەدا وەک چالاکوان کارم کردووە. لە کاتێکدا کە ڕاهێنەر و پاڵپشت بووم، لە خوێندکارەکانمەوە فێری بەرخۆدان بووم، هەروەها کارکردن لەگەڵ گروپە جۆراوجۆرەکان بووە هۆی تێگەیشتنێکی زیاتر لە جۆر و ڕەهەندەکانی هەڵاواردن و تێگەیشتنێکی زیاتر لەو ڕاستییەی کە ڕەگ و ڕیشەی هەموو کۆیلایەتی لە کۆیلایەتی و پێگەی کۆمەڵایەتی ژناندایە، ئەمەش پاڵنەرێک بوو بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵبدەم بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خۆم و کەسانی دیکە، بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەی کێشەکانی خێزان و کۆمەڵگە، لە هەمان کاتدا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدەم.

 

دوای ماوەیەک ئاشنا بووم بە هزر و فەلسەفەیەک کە ڕابەرەکەی ماوەی ٢٥ ساڵە باجی گەڕان بەدوای "چۆن بژین؟" دەدات بە ژیان لە گۆشەگیرییەکی تەواو لە زیندانی تاکە کەسی دوورگەی ئیمڕالی، هزرێک کە بەدوای ڕێگاچارەیەکدا دەگەڕێت بۆ دەربڕینی ناسنامەی تاک و کۆمەڵگە شاراوەکەی، نەک لە ناسیۆنالیزم و ڕق و سنووردا، بەڵکو لە بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و پاراستنی شوناسە ئینکارکراوەکان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلان، هزرێک کە لە ناخی حەقیقەتی کۆمەڵگەوە سەری هەڵدا و چینەکانی چەوسانەوەی دەرخست و ئێستا باسی ڕێگەچارەسەرییەک دەکات. مۆدێلێکی ژیانم هەڵبژارد کە پشت بە سنوورە سیاسییە نەگۆڕەکان، تاک زمان، تاک نەتەوەیی، تاک کولتووری، تاک ئایینی و ڕاستەوخۆ لێکدانەوە بۆ مێژوو نەبەستێت، بەڵکو گوزارشت لە پێکهاتە فرەییخوازەکان دەکات کە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو جیاوازی و بیروباوەڕ و گەلان، بوونی هەیە.

 

بەو زانیاریانەی لەم "هزر و فەلسەفەی ئاپۆی"ی بەدەستم هێنا، بە بوونم بە ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار چالاکیی و لێگەڕینەکانم بە ئاکام گەیشتن.

 

هەر لەو پێوەندییەدا باسم لە پرسی کۆمەڵناسی ژنان لە شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، من تێگەیشتم کە ژنان برینی هاوبەشیان هەیە، بۆیە دەتوانرێت ڕێبازی ڕزگارییان یەک ڕیز و هاوبەش بێت و دەتوانن چالاکیی هاوبەش ئەنجام بدەن.

 

هێرشی داعش بۆ سەر ڕۆژاڤا (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) وایکرد زیاتر لە ئامانج و هۆکاری کردەوەی هێزە تاریکپەرستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەک تێبگەم و لە لایەکی دیکەشەوە تێگەیشتنێکی وردترم لەبارەیەوە بەدەستهێنا، دۆخی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندیی دەسەڵاتی هێزە چالاکە سیاسییەکانی ناوچەکە و وەک ژنە چالاکوانێک لە پێویستی بەشداری چالاک و فرەلایەنە تێدەگەم، لە پێناو بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاشتی و دیموکراسی لە ناوچەکەدا. بۆیە چوومە شاری کۆبانێ کە هێزە تیرۆریستییەکانی داعش لە مزگەوتەکەیدا باسی نوێژی جەژنیان دەکرد.

 

تەکبیری ئەوان "سەری بڕاوی ژن و منداڵان" و هەلهەلەی ئێمەش "ژن، ژیان، ئازادی" بوو، ئێمە لە ڕاستیدا شەڕمان لەگەڵ سەربازانی خودا لەسەر زەوی دەکرد، کە ئەمجارە ناوی داعش بوو! هێزێک کە ئەرکەکەی ڕێگەخۆشکردن بوو بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی دۆزەخیی بۆ سەدەی داهاتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامرازێک بوو بۆ لەناوبردنی تاکە هیوای گۆڕانکاری کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شەڕاویدا. ئەم هێزە تیرۆریستییە، بەشێوازێکی سەدەی ناوەڕاست، (بەشێوەیەکی کۆنەپەرستانە) بەناوی دادپەروەری ئیسلامییەوە خۆی بەرز دەکاتەوە و ژیانی گەلان لەناو دەبات بۆ دامەزراندنی خەلافەت و حکومەتە ئیسلامیەکەی، هیچ حکومەتێک ڕووبەڕووی ئەم هێزە تیرۆریستییە نەبووەوە.

 

بۆ پاڵپشتی تەواوی هێزەکانی داعش، حکومەتی تورکیا سنوورەکانی خۆی کردبووەوە بۆ ناردنی پێداویستی لۆجستی و سەربازی بۆیان. هێزەکانی هاوپەیمانان کە تا دوا سات و هەتا داگیرکردنی کۆڵان بە کۆڵانی کۆبانێ متمانەیان بە سەرکەوتنی داعش هەبوو، تەماشای جینۆسایدی خەڵکی کۆبانی و شەنگالیان دەکرد، هەر وەک غەززە، داعش هەزاران ژنی ئێزدی سەربڕی، هەزاران ژنی ئێزدی گرت و وەک کەنیزەی جەنگ فرۆشتیانن، بەڵام شانبەشانی بێدەنگی دەوڵەتە نەتەوەییەکان، شاهیدی هاواری هێزی ڕزگاریخوازی گەل بووین لە سەرتاسەری جیهاندا کە بە یەک دەنگ لەگەڵ کۆبانێ و شەنگال ڕاپەڕین، لە ماوەیەکی کورتدا چوونە ئەوێ و بەشداری شەڕی داعشیان کرد، پاشان، هێزە هەژمونیەکان ناچار بوون دەمامکی مرۆڤدۆستی لەبەر بکەن و خۆیان وەک مەسیحی هاوچەرخ پیشان بدەن، وەک ئەوەی هاواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دانیشتووانەکەی بن، بە نەزانینی ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر بوو دەمامکەکەیان لابراوە، دروستکەری برینەکە خۆی ئازارەکەی مەلهەم کرد.

 

سەدەی ٢١ سەدەی داخوازییەکانی کۆمەڵگە و گەیشتن بە گۆڕانکاری بنەڕەتییە لە پێکهاتە و عەقڵیەتی دەوڵەت-نەتەوەدا، کە دەتوانێت بە دیموکراسیکردن و شۆڕش بەدیبهێنرێت، سەردەمی سوبژێکتیڤی دەوڵەت و بابەتییەتی کۆمەڵگەکان کۆتایی هات، مێژوو و کوولتوری دەوڵەت چیتر ناتوانێت کۆمەڵگەکان بە ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرستی و ئایینگەرای و ڕەگەزگەرایی و پۆزەتیڤیستی تێکەڵ بکات، سەردەمی شوانی حکومەت و حکومڕانی کۆمەڵگە کۆتایی پێهاتووە، ڕۆژاڤا (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) تاقیکردنەوەیەکە کە دینامیزم و ئیرادەی سروشتی کۆمەڵگەی نیشان دا، بەڵام ئەم تاقیکردنەوە دەرئەنجامی هەوڵی ساڵانێک بوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە بە تایبەتی ژنان.

 

ژنی هۆشیار بە واتای کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و کۆمەڵگەی هۆشیار واتە پرسیارکردن لە پیرۆزییەکانی سەرمایەداری، واتە هاوبەشکردنی ئیرادەی سروشتی گەل لە قۆناغەکانی ئاشتی و دۆزینەوەی چارەسەر، واتە بوونی چالاکانەی کۆمەڵگە لە بوارە کۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردەیی، سیاسییەکان و هتد.. لێرەوە بوو کە تێگەیشتنێکی قووڵترم لە بوونی ژن لە ژیاندا و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئازادیدا بۆ دروستبوو، بوونی من لە خەندەقەکانی شەڕی داعش هاوکات بوو لەگەڵ ئەو ڕۆژانەی کە ئەوان هەموو هێزی خۆیان بۆ داگیرکردنی کۆبانی بەکار دەهێنا.

 

کاتێک خەڵک قەڵغانێکی مرۆیی لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سووریا دروستکرد، من یەکێک بووم لەو هەزاران کەسەی کە "منداڵ بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ئێمەی گەیاندبووە ئەوێ. دوای برینداربوونم، ئیتر نەمتوانی بەشداری دۆخی شەڕی ئەوێ بکەم، بۆیە گەڕامەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەژار بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە چالاکییە پەروەردەیی و لێکۆڵینەوە و کۆمەڵایەتییەکان. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە شەڕی داعش بووە هۆی ئەوەی ناوم بخرێتە لیستی تیرۆری دەزگای سیخوڕی تورکیا-میتەوە، بۆیە بوونی من لە ڕۆژاڤا یان هەرێمی کوردستان هاوتا بوو لەگەڵ هەڕەشەی تیرۆرکردنم لەلایەن حکومەتی تورکیاوە.

 

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە کەژار، بە کارکردن لە بواری کۆمەڵناسی ژنان و لێکۆڵینەوە لە مێژووی نەنووسراوی ژنان لە جوگرافیای سیاسی ئێراندا، من بە دوای شوێنپێی کۆمەڵگەیەکی دایک سەنتەردا دەگەڕام، تا وەڵامێک بۆ  بۆ ئەو کێشەیە بدۆزمەوە، کە بۆچی ژمارەی خۆکوشتن و کوشتنی ژنان لە شوێنێک، کە سەردەمانێک شوێنی خوداوەندەکان بووە، گەیشتووەتە لوتکە.

 

لە ڕێکەوتی١ی ئابی ٢٠٢٣دا، لەلایەن پۆلیسی ڕێگای سنە - کامیاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرام، بە تەقەکردن، شکاندنی پەنجەرەی ئۆتۆمبێل، ئەشکەنجە و دەستدرێژی جەستەیی لە ساتەوەختی دەستبەسەردا، شەڕی دەروونی، لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکەسی (ئەشکەنجەدانی سپی) دەستبەسەر کرام، دوور لە چاوی کامێراکان بە مەبەستی تۆمارنەکردنی بەریەککەوتنەکانیان و دەستدرێژییە بێ ئەخلاقییەکان، سەرزەنشتکردنیان لەبەردەم کامێرادا بۆ شکاندنی ئیرادە و ئەو فشارانەی کە لە ماوەی ١٣ ڕۆژدا لە ئیتلاعاتی سنەدا ڕووبەڕووی بوومەوە، بەشێکن لە فشارەکان بەسەرمدا سەپێنراوە. بە وەحشی ناویان بردم و گوتیان؛ تۆ ژنانەیت لە دەستداوە، بۆ ناگریت؟ دوایین جار کەی بوو کە گریایت؟ دوایین جار کەی بوو بۆنی گوڵت کرد؟

 

پاشان گواسترامەوە بۆ بەشی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین، لەوێ بۆ ماوەی چوار مانگ و نیو لە کاتی لێپرسینەوەدا لەژێر فشارێکی زۆردا بووم، لەوانە ئەشکەنجەدانی سپی، سیناریۆی دژبەیەک و فریودەر و هەڕەشەی تیرۆرکردنی کەسایەتیم، دانپێدانانی زۆرەملێ و هتد... سەرئێشەی توند و خوێنبەربوونی بەردەوام (لە لووتەوە)، خراپتربوونی ئازاری مل و پشت دەرئەنجامی ڕۆژەکانم بوو لە زیندانی تاکەکەسیدا. بە واتایەکی تر وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هەمان ئەو کارەی کرد کە هێزی ئیتلاعاتی تورکیا دەیتوانی بەسەرمدا بیکات، لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا گوازرامەوە بۆ زیندانی ژنانی ئەڤین، دواجار لە ٩ی نیسانی ٢٠٢٤دا لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تاران بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان" و "بەغی" تۆمەتبار کرام، بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە "بۆچی شەڕی هێزێکی تیرۆریستی وەک داعش یەکسان دەکرێت بە شەڕ دژی ڕژێمی ئیسلامی؟"، کەواتە، بانگەشەی ڕژێمی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە کوێی مێژوودا جێی دەبێتەوە؟! داعش سەرمان دەبڕێت و ڕژێمی ئیسلامی سەرمان دەکات بە پەتەوە، هیچ زانیارییەکی سیاسی-یاسایی ناتوانێت ئەم پارادۆکسە چارەسەر بکات. کەواتە با هۆشیار بین.

 

لە ماوەی ساڵێک دەستبەسەرکردنی کاتیدا، تەنها بۆ ماوەی سێ مانگ و نیو مافی ئەوەم هەبوو چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەم بکەم، کاتەکەی دیکەی یان لە ژووری تاکەکەسیدا یان وەک ئێستا لە بەشی ژنان بەسەرم برد، بەڵام بە بارودۆخی تاکەکەسی، دوای دە مانگ دەستبەسەرکردن، لە نێوان ١٤ بۆ ١٦ی ئایار لە زیندانی ئەڤین، بەبێ لەبەرچاوگرتنی تۆمار و کارەکانم بە تیرۆریست و هاوبەشی داعش ناویان بردم و دەیانگوت پێویست بوو لە لایەن حکومەتەوە وەکو بەرگریکاری حەرام بچوویتایە بۆ شام، بەپێی ئەم پێناسەیە، هەموو ئەوانەی لەسەر بنەمای ئەرکی مرۆیی شەڕی داعشیان کرد، دەبێت تیرۆریست بن.

 

لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا هەوڵیاندا تۆمەتی نوێم بەسەردا بسەپێنن، جگە لە بیستنی بانگەشەی بێواتا و وەهمی، لێپرسینەوەی فێلبازانە، زەلیلکردن، هەڕەشەی لەسێدارەدان، هاندان و فشار بۆ ناچارکردنی دانپێدانان، پرس و کێشەی دیکە بوون لەم ماوەیەدا، ئێستا نزیکەی سێ مانگ بەسەر لێپرسینەوەکانی ئەم دواییە تێدەپەڕێت، نە پارێزەران مافی ئەوەیان هەبوو دووبارە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکەنەوە، نە مافی ئەوەم هەبوو لەگەڵ پارێزەرەکە کۆببمەوە، ئێستاش بە قەدەغەکردنی پەیوەندی و کۆبوونەوەدا تێدەپەڕم.

 

ئێستا بە تێڕوانین لە ڕابردوو و ئەو ڕێگایەی کە گرتوومەتە بەر، بەرگری لە کارەکانی خۆم دەکەم، چونکە هەرگیز لە هیچ کات و شوێنێکدا زیانم بە ژیان و ماڵی کەس نەگەیاندووە و تاکە تاوانی منیش بەرپرسیاربوونە بەرامبەر کۆمەڵگە. من بەردەوام دەبم لە بەرگریکردن لە خەبات لە دژی هێزە تیرۆریستەکانی داعش لە کۆبانێ، بەردەوام دەبم لە شەڕکردن تا کۆتایی هەر چەوساندنەوەیەک لە دژی ژنان، لە کوردستانەوە تا بەلوچستان و لە ئێرانەوە تا ئەفغانستان و تا گەیشتن بە ئامانجەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوام دەبم لە بەرخۆدان.

 

لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنم کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، هیچ شتێک بچووکترین گومانی لە بەجێگەیاندنی ئەرکە مرۆڤایەتییەکانم بەرامبەر بە کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنان دروست نەکردووە و هەرگیز نایکەم.

 

من ژنێکی کوردم کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژیم و بەتەنها بۆ خۆم نەژیاوم، هەرچی لە توانامدا بێت بۆ ئازادی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی ناوچەکە کردوومە و دەیکەم، چونکە ژیانێکی ئازاد و بە نرخ شایەنی قوربانیدانە، ژیان یان دەبێت بەرز و مانادار بێت و بە ئازادی ڕازاوە بێت، یان هەرگیز نابێت بژی.