دووەمین دادگاییکردنی نەسرین شاکەرەمی ئەنجامدرا

ئایدا شاکەرەمی بەڕێوەچوونی دووەمین دادگاییکردنی نەسرین شاکەرەمی، دایکی لە دادگادا ڕاگەیاند کە واژۆی لەسەر "نامەی تەوبە" نەکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئایدا شاکەرەمی، خوشکی نیکا شاکەرەمی، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن،ژیان، ئازادی"، بەڕێوەچوونی دووەمین دادگاییکردنی دایکی، نەسرین شاکەرەمی ڕاگەیاند.

 

بەگوێرەی لێدوانەکانی ئایدا شاکەرەمی، ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەم دادگاییکردنی نەسرین شاکەرەمی بەڕێوەچوو و داوایان لێکراوە "تەوبە نامە" واژۆ بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نەسرین شاکەرەمی واژۆی "تەوبە نامە"ی نەکردووە و بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی سەردان یان پەیوەندی تەلەفۆنی گەڕێنرایەوەتەوە بۆ زیندان.

 

یەکەم دانیشتنی دادگا بۆ نەسرین شاکرەمی لە ١٠ی تشرینی دووەم، لە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس لە دادگای تاوانەکانی خوڕەم ئاباد بەڕێوەچوو و ئەویش سەبارەت تۆمەتەکانی "سوکایەتیکردن بە شتە پیرۆزەکان" و "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی عەقڵی گشتی" بەرگری لە خۆی کرد.

 

نەسرین شاکەرەمی، دایکی نیکا شاکەرەمی، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە خوڕەم ئاباد دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم شارە گواسترایەوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕژێمی ئیسلامی ئەشکەنجە و فشار دەخاتە سەر بنەماڵەی ناڕازییان و ئەم بنەماڵانەی داواکاری دادپەروەرییە  بەردەوام ڕووبەڕووی فشار و زەحمەتی دەکاتەوە.