دوو ڕووداوی دەستدرێژی لە مەغریب کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە

دیاردەی هەراسانکردن و توندوتیژی زایەندی لە مەغریبدا بە هۆی لاوازی یاسایی ڕێگریکردن لە دژی دەستدرێژیکاران بەربڵاوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوای لێکۆڵینەوە لە دوو تاوانی دەستدرێژی زایەندی دەکەن کە بەرامبەر دوو منداڵ لە دوو ناوچەی جیاواز لە گەڕەکی دامنات کراوە، هەروەها داوای گرتنەبەری ستراتیژی ڕوون کە ڕێوشوێنی سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە لەخۆ بگرێت کرا.

 

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو داوای پشتیوانی گەیشتووەتە لقی خۆجێیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی مەغریبی لە دامنات یەکەمیان لە باوکێکەوەیە کە کوڕەکەی تووشی تاوانی دەستدرێژیکردن لەلایەن دوو کەسەوە بووەو لە دۆخێکی تەندروستی و دەروونی سەختدایە، دووەمیان لە ژنێکەوەیە کە کەسێک تۆمەتبار دەکات بە چەندین جار دەستدرێژیکردنە سەر کچە ١٣ ساڵانەکەی.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی مەغریبی ئەم پێشێلکاریانەی بەرامبەر ئەو دوو منداڵە و پێشێلکردنی یەکپارچەیی جەستەیی و دەروونییان شەرمەزار کرد، ئامادەیی هەمیشەیی خۆی بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنیان ڕاگەیاند، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە لێکۆڵینەوەیەک بۆ ئەو دوو کەسە بکەنەوە، هەروەها کۆمەڵەکە لە بەیاننامەیەکدا هەوڵی تەمومژاویکردنی پرسی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانی لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە پشتڕاستکردەوە کە دەسەڵاتداران پشتیوانیان لێدەکەن.

 

زەینەب فاسیکی، چالاکوانی مافی مرۆڤ ناڕەزایی خۆی لە ساردی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە پرسەکانی دەستدرێژی زایەندی بۆ سەر منداڵان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پێشێلکارییانە چیتر ڕای گشتی ناجوڵێنن و تەنانەت مشتومڕێکی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگەدا ناهێننە ئاراوە.

 

لە میانی ڤیدیۆیەکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە، دووپاتیکردووەتەوە کە ڕاگەیاندن و جەماوەر لە وڵاتەکەدا چیتر سەرنجیان لەسەر ئەو پرسە نییە بەڵکو زیاتر سەرنجیان لەسەر "قسەی بەتاڵ"ە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری پشت ئەم ساردییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسانەدا دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵیەتی پیاوسالاری کۆمەڵگەو یاساکان کە پارێزگارییەکی پێویست بۆ زیانبەرکەوتووان ناکەن، بەو پێیەی زیاتر لە ٥٠%ی نێرەکان چاودێری کچان دەکەن لەناو ماڵدا، جا لە ئەندامانی نزیک لە خێزانەکەوە بێت یان دوور.