دوو خوشکی بەهایی دوای لێکۆڵینەوەی توند بە بارمتە ئازاد کران
ماندانا و مەهسا ستوودە، دوو هاوڵاتیی بەهایی دانیشتووی شیراز، دوای پێشکەشکردنی بارمتەی شەش ملیار تمەنی لە بەندیخانەی عادلئاباد ئازاد کران، بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراون لەبەردەستدا نییە.
ناوەندی هەواڵ
ماندانا و مەهسا ستوودە، دوو هاوڵاتیی بەهایی دانیشتووی شیراز، دوای پێشکەشکردنی بارمتە لە یەکی تەمووزدا لە بەندیخانەی عادلئاباد ئازاد کران. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئازادکردنی ئەم دوو خوشکە دوای ئەوە هات کە بارمتەی سێ ملیار تمەن بۆ هەر یەکێکیان دابین کرا.
٢٠ جار لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە
سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەکەیان ڕایگەیاند کە ئەم دوو خوشکە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیاندا بە بەردەوامی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە. بەوتەی سەرچاوەکە، ماندانا و مەهسا ستوودە بە گشتی ١٨ جار لەلایەن یەکە ئیتلاعاتییەکانی سوپای پاسداران و دوو جار لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دوو هاوڵاتییە بەهاییە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ براونەتە دەستبەسەرگەیەک بە ناوی پلاک ١٠٠ کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی شیرازە. ئەم ناوەندە لە ساڵانی ڕابردوودا لە زۆرێک لە دۆسیە ئەمنییەکاندا چەندین جار ناوی هێنراوە.
مێژووی دەستبەسەرکردنی دوو خوشکەکە
مەهسا ستوودە لە ٣١ی ئاداری ئەمساڵدا، لە ماڵەکەی خۆیدا لە شیراز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.
چەند ڕۆژێک دواتر، لە سێی نیساندا، ماندانا ستوودەش لەلایەن هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا. لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، پشکنین بۆ ماڵەکەی کرا و دەست بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گیرا، لەوانەش ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی.
هێشتا ڕوون نییە بۆچی دەستگیر کرابوون
سەرەڕای ئەوەی کە هەردوو خوشکەکە ئازاد کراون، بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنیان، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراون، یان دۆخی ئێستای دۆسیە یاساییەکانیان بڵاونەکراوەتەوە.