دوو فەرماندەی یەکەی ژنانی ئێران: لە یاریگاکاندا چاودێری جلوبەرگی ژنان دەکەین
دوو فەرماندەی یەکەی تایبەتی ئێران ڕایانگەیاند، دوای ڕەزامەندی لەسەر ئامادەبوونی ژنان لەنێو یاریگاکاندا بڕگە جیاکراوەکان لەبەرچاو گیراوە، دەشڵێن، لە یاریگاکاندا چاودێری جلوبەرگی ژنان دەکەین و لە كاتی پێویستدا هۆشدارییان پێدەدەین.

ناوەندی هەواڵ
مەسعوود موسەدیق، فەرماندەی یەکەی تایبەتی ئێران بە وەکالەت و فاتیمە حەیدەری فەرماندەی یەکەی تایبەتی ژنانی فەرەجە لەبارەی ئامادەبوونی ژنان لە ناو یاریگاکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی تسنیم ڕایگەیاندووە، یەکەم ئەرکی یەکەی تایبەتی ژنان کۆنتڕۆڵکردنی کۆبوونەوە وەرزشییەکانە، لەنێو یاریگاکاندا لە حاڵەتی پێویستدا هۆشدارییان پێ دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی ژنان لە یاریگاکان یەکێک بووە لە کێشەکانی ئێران، لەم ساڵانەی دواییدا و دوای فشارێکی زۆری ژنان دەسەڵاتدارانی ئێران ناچار بوون بوونی ژنان لەنێو یاریگاکاندا قبوڵ بکەن، سەرەڕای هەموو ئەو فشارانە، ئامادەبوونی ژنان لە یاریگاکان هێشتا سنووردارە و لە هەندێک حاڵەتیشدا هەڵبژاردەیە.
مەسعوود موسەدیق فەرماندەی یەکەی تایبەتی ئێران دوای ڕەزامەندی لەسەر ئامادەبوونی ژنان لەنێو یاریگاکاندا بڕگە جیاکراوەکان لەبەرچاو گیراوە و مەودای پێویست جێبەجێکراوە.
وتووشیەتی: داوا لە هەموو یانەکان کراوە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ بوونی سەلامەتی ژنان لە یاریگاکاندا بۆ ئەوەی کەمترین کێشە لەو بارەیەوە درووست بێت.
جێگای ئاماژەیە، بە وتەی چالاكوانان یەکەی تایبەتی ژنانی هێزەکانی پۆلیسی ئێرانیش لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆڵی هەبووە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایی ژنان.