دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە بۆردوومانی ناوچە جیاجیاکانی باشوور دەکات

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی سنووری گوندی شینکێى لە شارباژێڕ کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی عێراق لە بری ئەوەی ڕێگری بکات لە سنوور بەزاندنەکانی دەوڵەتی تورک و لەشكرکێشییەکانیان، لە ئەنقەرەوە ڕێککەوتن لە دژی گەلانی عێراق ئەنجامدەدات و داگیرکاریی و لەشکرکێشییەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بە یاسایی دەکات، ئەمەش وایکردووە ڕۆژانە هێرش و بۆردوومانەکانی درێژە پێبدات.

 

کەمێک پێش ئێستا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی سنووری شارباژێرى سەر بە پارێزگای سلێمانی کرد، بەپێی زانیارییەکان بۆردوومانی سنووری گوندی شینکێ لە سنووری شارباژێر کراوە.

 

تا ئێستا زیانەکانی بۆردوومانەکە نەزاندراوە.

 

 ئەمە لە کاتێکدایە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژانە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان بە ئامانج دەگرێت، دوێنێش بە هۆی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکەوە لە دەڤەری بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک ئاگر لە ٥ گوند کەوتووەتەوە و دانیشتووانی گوندێکیش گیریان خواردو نەیاندەتوانی خۆیان ڕزگار بکەن.

 

 دارستان، پاوان و ڕەزوباخی ئەو گوندانە بە تەواوی سووتان بە جۆرێک ڕێژەی دارستان و پوش و پاوانی سووتاو بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکا نلە دەڤەری بەرواری باڵا، بە دوو هەزارو ٤٠٠ دۆنم زەوی دەخەمڵێندرێت.

 

گوندەکان بریتیبوون لە 'مێرگا قەسرێ، گرێ سۆر، ئەلکیشکێ، جمبلکێ و بێلیزانێ' ئاگرەکەی گوندی ئەلکیشکێ گەیشتووەتە ناو ماڵی گوندنشینان و باخ و بێستانی جوتیارەکان و گۆڕستانی گوندەکەشی گرتووەتەوە، بەهۆی بڵێسەی ئاگرەکەوە، شەقامی سەرەکی بۆ هاتوچۆی ناو گوندەکە داخراوە.

 

ژمارەیەک لە گوندنشینان توانیوویانە خۆیان دەرباز بکەن و لە گوندەکە بێنە دەرەوە، بەڵام ١٩ خێزانی ناو گوندەکە گیریان خواردبوو.