"دەوڵەتی تورک و پەدەکە زەمینەسازی بۆ فەرمانێکی نوێ دەکەن"

فەلەک یوسف، دەستەی خۆجێی کانتۆنی فورات، لە ساڵیادی فەرمانی شەنگالدا تیشکی خستەسەر ئەو مەترسیانەی کە بەردەوام ڕووبەڕووی ئێزیدییەکان دەبێتەوەو وتی: چەتەکان ١٠ ساڵ لەمەوبەر ئەو فەرمانەیان جێبەجێکرد، ئەمڕۆ بە هاوکاری هەمان ئەو هێزانە لە باشووری کوردستانن.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشێکی گەورەیان بۆ سەر شەنگال دەستپێکرد، لەئەنجامی خیانەتی پەدەکە، منداڵ و ژن و خەڵکی ش٣نگال فەرمانی ٧٤یان ئەزموون کرد و لە ئەنجامدا هەزاران کەس کوژران و هەزاران منداڵ و ژن ڕفێندران.

 

ئەمڕۆ دوای ١٠ ساڵ لەم فەرمانە کە لە یادی گەلەکەیدا زیندووە، دیسانەوە مەترسی کۆمەڵکوژییەکی نوێیان لەسەرە لەلایەن چەتەکانەوە بە هاوکاریی پەدەکە.

 

فەلەک یوسف، هاوسەرۆکی دەستەی خۆجێی کانتۆنی فورات لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسی لە ١٠ ساڵەی فەرمانی ٧٤ کرد.

 

"دوای ١٠ ساڵ مەترسی داعش کەم نەبووەتەوە"

فەلەک یوسف ئەو ڕووداوەی لە ساڵی ٢٠١٤ ڕوویدا بەم شێوەیە ببیرهێنایەوە: هەموو ساڵێک لە ٣ی ئابدا ئەو فەرمانەی کە لە شەنگال ڕوویدا لە یادەوەری ئێمەدا نوێ دەبێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هەزاران منداڵ و ژن و گەلی ئێزیدی ئێمەیان کوشت و ڕفاند و لەناویان برد، هەروەها هەزاران ژن و منداڵ لە بازاڕەکاندا فرۆشران و ڕووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر سەخت بوونەتەوە، ئەوە کۆمەڵکوژی فەرمانی ٧٤ بوو کە کۆمەڵگەی ئێزیدی ئێمە لە مێژووی خۆیدا دەژی، بەڵام ئەمجارە بڕیار بوو لەژێر پاراستنی پێشمەرگەی حکومەتی باشووری کوردستان، واتە بنەماڵەی بارزانیدا بن، بەداخەوە ئەو دیمەن و وێنانەی لەو کاتەدا دەرکەوت کە ئەو پێشمەرگانە شەنگالیان بەجێهێشت، چەکەکانیان فڕێدایە خوارەوە و ڕایانکرد، شەڕڤانانی تەڤگەری ئازادی بە بانگەوازی گەلی شنگال هاتن و توانیان کاریدۆرێک دروست بکەن و بگەنە دەستیان، ئەم شەڕڤانانە کە دەتوانین بە بەرگریکارانی مرۆڤایەتی ناویان ببەین، توانیان خەڵک و خێزانێکی زۆر لە چەتەکان ڕزگار بکەن و کۆنترۆڵی شنەگال بکەن و هێرشەکە تێکبشکێنن.

 

فەلەک یوسف باسی لەوەشکرد، دوای ئەو فەرمانە سەختە، گەلی شەنگال توانیان خۆیان ڕێکبخەن و سیستمێکی نوێ بۆ خۆیان بونیاد بنێن و وتی: لە بواری خۆپاراستندا یەژەشە/یەبەشە و ئەنجومەنی گەلی هاوشێوە دامەزران،  هەرچەندە شەنگال ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەروو خۆڕێکخستنێکی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەیە، بەڵام مەترسی داعش و ئەو هێزانەی کە پشتیوانیان دەکەن، هێشتا هەر لەوێیە.

 

"پەدەکە زەمینەی بۆ فەرمانی ٧٥ کردەوە"

لە درێژەی قسەکانیدا، فەلەک یوسف باسی لە دانانی ئێستای چەتەکانی داعش لە باشووری کوردستان کردو وتی: چەتەکانی داعش کە ماوەی ١٠ ساڵە کۆمەڵکوژییان لە شەنگال ئەنجامدا، ئێستا جارێکی دیکە لە باشووری کوردستان جێگیرکراون، هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەمیشە گومان و مەترسی دووبارەبوونەوەی فەرمانمان هەیەو دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری لەگەڵ پەدەکە، چەتەکانی داعشی لە باشووری کوردستان کۆکردۆتەوە و لە هێرشە لەشکرکێشییەکانیاندا بەکاریان دەهێنن، پەدەکە لە ساڵی ٢٠١٤ ژن و منداڵی ئێزدیی نەپاراست و ئەمڕۆش پێشوازی لەو باندە دەکات و لە باوەشی دەگرێت، مەسعود بارزانی کە دوای ئازادکردنی شەنگال فرمێسکی ڕشت و وا خۆی نیشان دا کە کاریگەر بووە، ئەمڕۆ ئەردۆغان هەمان شت دەکات و هەمان هەستیاری بۆ منداڵانی فەلەستین نیشان دەدات و لەسەر مێز هاوکاری ئیسرائیل دەکات، ئەمڕۆش بنەماڵەی بارزانی هەمان ئەو سیاسەتە بەکاردەهێنن کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا خەم و پەژارەیان نیشان دا، کە ڕاستییەکەی ئەمڕۆ خۆی دەردەخات.

 

"پێویستە هەڵوێست بەرزبێتەوە بۆ ئاستی ئەو ئازارەی کە ئەزموون دەکرێت"

 لە کۆتایی قسەکانیدا، فەلەک یوسف داوای خەباتی دژی ئەو سیاسەتانە کرد کە دەبنە هۆی جینۆساید و فەرمانەکان و وتی: ئێستا وەک کورد دەستکەوت و دەرفەتی مێژووییمان بەدەستەوەیە، ئەم دەرفەتانە بە ساڵانی گرانبەها بەدەست هاتوون، بۆیە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە کە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و ئەم شۆڕشە بپارێزین و ئاگاداری بین، جگە لەوەش ئێمە وەک کورد و ئەو گەلەی لەوێ لە باشووری کوردستان دەژین، دەبێ پێش بە هێڵی خیانەت بگرین، بەتایبەت پێویستە لە بەرامبەر خیانەت و هاوکاری لەگەڵ دوژمنی گەلی کورد و مرۆڤایەتیدا بوەستینەوە، لە ئاستی ئەو ئازارانەی کە ئەزموون دەکرێت, بەم شێوازە دەتوانین ڕێگری لە فەرمانە نوێیەکان بکەین و ڕێگری لە جێبەجێکردنی فەرمانی ٧٥ بکەین، کار و تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هیچ ژنێک لە بازاڕەکاندا نەفرۆشرێت یان کۆمەڵکوژی ئەزموون نەکات، ئەمەش ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت، بۆیە ئێمە ئیرادە و پێداگرین لە ئازادی ژنان، ئەمەش ئازادی بۆ کۆمەڵگە دەهێنێت.