دەوڵەتی تورک گوندێکی چەمچەماڵی بۆردوومان کرد

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی گوندی توتەقەڵى لە چەمچەماڵی سنووری سلێمانی کرد و بە هۆیەوە ئاگر لە پووش و پاوانی سنوورەکە کەوتەوە، بەمەش لە شەوی ڕابردووەوە دووجار دەوروبەری سلێمانی بۆردوومان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەگەل لەشکرکیشی بۆ خاکی باشووری کوردستان، درێژە بە بۆردوومانەکانی دەدات و شەوی ڕابردوو زنجیرەیەک بۆردوومانی بۆ ناوچە جیاوازەکان ئەنجامداو دووجار سلێمانی بۆردومان کرد.

 

کاتژمێر ١٢:٣٠خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆردوومانی سنووری گوندی توتەقەڵى لە شارەدێی ئاغجەلەری سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە سنووری سلێمانی کرد.

 

بەپێی زانیارییەکان بە هۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە پووش و پاوانی سنوورەکە کەوتووەتەوە و تا دێت ئاگرەکە زیاتر دەبێت، هەروەها بە هۆی مەترسیی دووبارە بۆردوومان کردنی ناوچەکە تا ئێستا کەس نەچووەتە شوێنی بۆردوومانەکە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو  ٢٦ی تەمووز، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چڕی گوندی گەڵاڵەیان لە سنوورى شارباژێر بۆردوومان کرد، بەهۆیەوە ئاگرێکى فراوان لە سنوورى گەڵاڵە کەوتوەتەوەو تا ئێستاش ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.