دەوڵەتی تورک بۆردومانی شیلادزێی کردو کەسێک گیانی لەدەستدا

دەوڵەتى تورک چیای کورەژارۆ لە شیلادزێی پارێزگاى دهۆک بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە هاوڵاتییەکی مەدەنى گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتى تورک لە ١٥ی حوزەیرانەوە ژمارەیەکى زۆر سەبازى هێناوەتە سنوورى دهۆک و بە چەندین ناوچە دەیان بنکەى سەربازییان درووستکردووەو داواى چۆڵکردنى دەیان گوندیان لە دانیشتووانى ناوچەکە کردووە و لە بەرامبەردا هەردوو حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێم و عێراق بەرامبەر ئەو داگیرکارییانە بێدەنگن.

 

ئەمڕۆ ١٨ی تەمووز، دەوڵەتى تورک  چیای کورەژارۆ لە شارەدێی شیلادزێی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگاى دهۆک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومان کرد.

 

بەهۆى بۆردوومانەکەى دەوڵەتى تورکەوە هاوڵاتییەکی مەدەنى گیانی لەدەستداو دەنگۆی برینداربوونی چەند کەسێکی دیکەش هەیە.

 

بەپێی زانیارییەکان ئەو هاوڵاتییەی کە شەهید بووە ناوی "عوسمان ڕژدی ڕێکان"یە، تا ئێستاش ناسنامەی بریندارەکان بەدەست نەگەشتووە.