دوای نوقمبوونی بەلەمێک لە کەناراوەکانی یەمەن دەیان گیان لەدەستدان و بێسەروشوێن بوون هەن

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی کۆچبەرانی نێودەوڵەتی، بەهۆی ئەوەی لەم هەفتەیەدا لە کەناراوەکانی یەمەن بەلەمێکی هەڵگری کۆچبەران نوقم بوو، لانیکەم ١٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٤ کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە دوایین کارەساتدا کە لە ڕێگەی کۆچبەرانی ئەفریقی ڕوویدا، لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمێک لە کەناراوەکانی تەعز لە باشووری یەمەن، لانیکەم ١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەناویاندا دوو ژن هەن.

 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە ڕاپۆرتەکەیدا کە ئەمڕۆ ٢٥ی ئاب بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەلەمەکە ٢٥ کۆچبەری ئەسیوبی و دوو یەمەنی تێدابووە و ١٤ کەسیان بێسەروشوێنن.

 

چەند مانگێک لەمەوبەر بەلەمێک کە زیاتر لە ٢٥٠ کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو لە کەنارەکانی غەریف لە ناوچەی ڕادموم لە شاری شەبوا لە باشووری یەمەن وەرگەڕا ژیانی ٧١ کەس ڕزگار کراو ١٥١ کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن.