کارمەندانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی گردبوونەوە
کارمەندانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، مافی خۆیانە لە بەرامبەر کارەکانیان مافەکانیان پێبدرێت.

دیڤان سیهاد
ڕانیە- ئەمڕۆ لە شاری ڕانیە لە هەرێمی ڕاپەڕین کارمەندانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی، کە لە ماوەی سەرژمێری گشتیدا کاریان دەکرد، گردبوونەوە و باسیان لەوەکرد، مافی خۆیانە لە بەرامبەر کارەکانیان مافەکانیان پێبدرێت.
هەستیار جەبار، بەیاننامەی ئامادەبووانی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، داوای مافی خۆیان دەکەن، کە لە بەرامبەر کارکردنیان پێیان نەدراوە، هەروەها داوای ئەوەیان کرد، کە لە بەرامبەر چەندین ساڵ خوێندندا لەلایەن حکومەتەوە دابمەزرێن.
نەخشین قادر، کارمەندی بژمێر لە شاری ڕانیە، وتی: وەک نوێنەر لێرە کۆبووینەوە ئامانجمان لەم خۆپێشاندانە ئەوەیە کە ئێمە وەکو نوێنەر و وەکو دەرچوویەکی دانەمەزراو و وەکو گەنجێک کە هیچمان بۆ نەکراوە، دابمەزرێین، هەروەها مافی چەند مانگ کارەکانمان بدرێت، سەرەڕای ئەوەی کە پاداشتیان نەکردووین، هەستاون هەقمان دەخۆن، ئێمە داوامان ئەوەیە، شایستەی دارایی دوو مانگمان بۆ سەرف بکەن، بەڵام تا ئێستا یەک دانەمان یەک مانگمان وەرگرتووە ئەوەی تریش کە ئێستا پێمان دەڵێن، یەک مانگ ئیشتان کردوە و مانگەکەی ترمان تەواو دەستی لێ شۆراوە.