بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەر یەک دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکە... داوای ئاگربەستی دەستبەجێ

لە بۆردومانە نوێیەکانی ئیسرائیل لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە، دەیان هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی لە ٥٨ ەمین ڕۆژی شەڕی دژ بە کەرتی غەززە، هێرشەکان بوونە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە، ئەمەش دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستی مرۆیی بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بوو، هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار کرد بەوەی ڕێگری لە درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست دەکەن.

 

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢ی تشرینی یەکەم، دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکە لەگەڵ حەماس، بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەر یەک ئیسرائیل بۆردومانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، خان یونس چڕکردەوە، ماڵی خەڵکی کردە ئامانج، لە کاتێکدا دوایینیان موشەکیان هەڵدا بۆ تەل ئەڤیڤ، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

 

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕوونیکردەوە، ڕاپۆرتەکان دەربارەی بۆردومانە بەردەوام و توندوتیژەکانی غەززە ترسناکن و داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێ دەکەن، نەخۆشخانەی پزیشکی ناسر لە باشوور پڕە لە نەخۆش و بارودۆخەکە بەتەواوی نەگونجاوە و بۆ دابینکردنی چاودێری تەندروستی.

 

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند، بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە رۆژی هەینی ڕابردووەوە لانیکەم ٢٤٠ کەسی کوشتووە و زیاتر لە ٦٥٠ کەسی دیکەی بریندارکردووە، جگە لەوەی دەیان ماڵ و یەکەی نیشتەجێبوونی وێرانکردووە.

 

پزیشکانی بێ سنوور "MSF" هۆشداری دەدەن لەوەی پێداویستییە پزیشکیەکان کەمکراونەتەوە بۆ ئاستێکی مەترسیدار لە نەخۆشخانەی عەودا، کە یەکێکە لە دوایین نەخۆشخانەکان لە باکوور.

 

هەزاران هاوڵاتی هێشتا بێسەروشوێنن، زۆربەیان پێدەچێت لەژێر داروپەردووی ماڵەکانیاندا گیانیان لەدەستدابێت.