دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سكاڵا دژی مەلا مەزهەر کە بێڕێزی بە شەڕڤانێکی ژن کرد تۆمار دەکات

 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێدوانی مەلا مەزهەر تاهیر بەرامبەر بێڕێزیکردن بەرامبەر شەڕڤانێکی ژن ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجوڵێنێت و ناوبراو ڕووبەڕووی یاسا دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێدوانی مەلا مەزهەر تاهیر بەرامبەر بێڕێزیکردن بە ژنان کە دوێنێ ١١ی کانوونی دووەم، لە لێدوانێکدا بێڕێزی بە شەڕڤانێکی ژن کرد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. 

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ​بەداخەوە مامۆستایەکی ئایینی لە شاری هەولێر، بە ناوی (مەلا مەزهەر تاهیر)، لە کەناڵێکی میدیایی لێدوانێکی بڵاوکردووەتەوە و بێڕێزییەکی زۆر بە ئافرەتان و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەکات، ناوبراو لە ڕوانگەیەکی تەسکەوە ڕۆڵی ئافرەتی کەم کردووەتەوە لە ماڵەوە و وەک خزمەتکارێک وێنای کردووە کە ئەرکەکەی تەنها لە ماڵەوەیە، ئەو وتانەی ناوبراو بە تەواوی دژی بنەمای ئایینەکانە، وپێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە؛ بۆ ئەو مەبەستە دەستەی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجوڵێنێت و ناوبراو ڕووبەڕووی یاسا دەکاتەوە لەبەر ئەوەی وتەکانی مەلا مەزهەر دژی ماددەی ١٤ی دەستووری عێراقە کەئەم ماددەیە بەڕوونی باس لە ئەوە دەکات کە یەکسانی هەیە لەبەینی ژن و پیاو.

 

دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هیوادارەوەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ​بەتوندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و ئیدانەی دەکەین، بە ڕێزەوەش ڕۆڵی ژنان سەیر دەکەین و بەرز دەنرخێنین.

​دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان