دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی تاکەکەسی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئیران بەردەوامیی هەیە

دەستبەسەرکردنی درێژخایەن، بێبەشکردن لە پارێزەر و چارەسەری پزیشکی، سەپاندنی کەفالەتی قورس، ڕاگرتن لە تاکەکەسی و تۆمەتی بەکارهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە دیارترین پێشێلکارییەکانی هەفتەی ڕابردوون لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، دەرکردنی بڕیارەکانی زیندان، دووبارە بانگهێشتکردن بۆ دەزگا ئەمنییەکان، ڕەتکردنەوەی چارەسەری پزیشکی، سەپاندنی کەفالەتی قورس و ڕاگرتنی ژنان لە بارودۆخێکی نامرۆڤانە، وێنەی سیاسەتێکی ڕێکخراو بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژنانی ناڕازی، چالاکوانانی مەدەنی، پارێزەران، ڕۆژنامەنووسان و خێزانەکانیان پیشان دەدات.

 

لە یەکەمین نموونە، ماڵپەڕی مافی مرۆڤی “دادبان” بڵاویکردووەتەوە، سیما مەزلەقانی، یەکێک لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران، لەلایەن لقی ٢٣ـی دادگای شۆڕشی تاران دادگایی کراوە، ناوبراو بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات، دیمەنگرتنی مەزاری بەهەشتی زەهرا و ڕەتکردنەوەی پێدانی وشەی نهێنی مۆبایل” بە دوو ساڵ زیندان سزا دراوە.

 

هاوکات، شەکیلا قاسمی هاووڵاتیی بەهایی و دانیشتووی کرمان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٦٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی، هێشتا بەبێ دیاریکردنی دۆخی کەیسەکەی لە زیندانی کرمان ڕاگیراوە، تا ئێستا هیچ دانیشتنێکی دادگا بۆی پێکنەهاتووە و دەرفەتی ئازادکردنی کاتی بەرامبەر بەڵێننامە یان بارمتەش پێنەدراوە.

 

لە کەیسێکی دیکەدا، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی سومەیە ئاقایاری، هاووڵاتیی خەڵکی سەمیرۆمی پارێزگای ئیسفەهان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندرووستییەوە بڵاونەکراوەتەوە و هەوڵەکانی خێزانەکەی بۆ وەرگرتنی زانیاری بێ ئەنجام ماونەتەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە ٣ی نیسانی ئەمساڵدا بە هێرشبردنە سەر ماڵی سومەیە ئاقایاری، دەستبەسەریان کردووە، هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەی بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە.

بەردەوامی فشار لەسەر بنەماڵەکانی دادخوازانی دادپەروەری لە کوردستان، دۆسیەی کەژاڵ ڕەحمانی نموونەیەکی دیکەی گوشاری بەردەوامە لەسەر بنەماڵەکانی ئەو کەسانەی کە داوای دادپەروەری دەکەن.

 

بەپێی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لقی سێیەمی لێپرسینەوەی داواکاری گشتی و شۆڕشی کامیاران بڕیاری دەستبەسەرکردنی کەژاڵ ڕەحمانی، هاوژینەکەی و ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەی بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژکردووەتەوە، هەروەها لە گرتووخانەی سنە لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوەی توند بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ.

 

هەر بەپێی زانیاریی ڕێکخراوەکە، هێشتا لە دەستڕاگەیشتن بە پەیوەندییکردن لەگەڵ خێزان، پارێزەر و لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشن.

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەستارە (مریەم) ئەنساری پارێزەر و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی فارس، سەرەڕای کۆتایی هاتنی فەرمانی دەستبەسەرکردنی، هێشتا لە زیندانی ئەدلاباد لە شیراز دەستبەسەرە و لە بارودۆخێکی نەگونجاودا ڕاگیراوە و بەردەوامە لە ڕاگرتنی بەبێ شەفافیەتی یاسایی.

 

بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکی و سنووردارکردنی مافەکانیان

لە زیندانی ئیلام، زارا محەمەدوەلی بۆ ناڕەزایەتی لە بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی، نادیاریی دۆخی دادوەری و ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، مانی لە خواردن گرتووە، سەرەڕای تێکچوونی باری تەندرووستی هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

 

هاوکات، فاتمە تاداشیدی دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی، بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی کەچووی کەرەجەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

 

یەکێک لە دیارترین دۆسیەکانی هەفتەی ڕابردوو پەیوەندی بە ژنێکی کوردەوە هەبوو، کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو و سەرپەرشتیاری خێزانەکەشی دەکرد، ناوبراو دوای ٩١ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان و بێبەشکردنی لە چارەسەری پزیشکی، بە شێوەیەکی کاتی و بە دانانی کەفالەتێکی قورس بە بڕی ١٥ ملیار تمەن ئازاد کرا.

 

بارودۆخی گرتووخانەکان

سۆهەیلا حیجاب، پارێزەر و زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی کەچووی کەرەج، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ میدیایەکی دەرەوەی ئێران، بارودۆخی ناو گرتووخانەکەی بە “زۆر ترسناک” پێناسە کرد و هەروەها ئاماژەی بە دۆخی نالەبار و خراپی خزمەتگووزارییە تەندرووستییەکان لە بەشی ژنان کرد و وتی، سەرەڕای داواکارییە دووبارەکان، هێشتا مۆڵەتی گواستنەوە بۆ ناوەندێکی گونجاوی چارەسەری پێنەدراوە. بەپێی قسەکانی، هیچ کام لە بەرپرسانیش وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە دۆخەکەی نادەن.

 

سۆهەیلا حیجاب لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن لقی ٢٨ـی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت، گردبوونەوە، تێکدانی بیروڕای گشتی و پێکهێنانی گرووپێک بۆ پشتیوانی لە مافەکانی ژنان” بە ١٨ ساڵ زیندان سزا درا، ناوبراو لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە لە گرتووخانەی کەچووی کەرەج زیندانیکراوە.