دوای کەوتنە خوارەوەی لە بەشە ناوخۆییەکەی، خوێندکارێک گیانی لەدەستدا

ئەو خوێندکارەی شەوی ٢٥ی کانوونی دووەم لە بەشە ناوخۆیی زانکۆی هەڵەبجە کەوتە خوارەوە، گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە رایگەیاند، لانە عومەر جەوهەر، خوێندکاری زانکۆی هەڵەبجە کە لە بەشە ناوخۆیی زانکۆکە دەمایەوە، دوای مانەوەی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە نەخۆشخانە بەهۆی کەوتنە خوارەوەیە لە بەشە ناوخۆییەکەی، گیانی لەدەستدا.

 

لانە عومەر جەوهەر، تەمەن ٢٣ ساڵ و دانیشتووی شارۆچکەی قەڵادزێ لە هەرێمی ڕاپەڕین، کە خوێندکاری قۆناغی سێی بەشی بازرگانی کۆلێژی یاسا و کارگێڕی لە زانکۆی هەڵەبجە و بە هۆی خوێندنەکەیەوە لە بەشە ناوخۆیی کچانی زانکۆکە دەمایەوە، بە شێوەیەکی گوماناوی شەوی ٢٥ی کانوونی دووەم کەوتە خوارەوە و بەهۆی برینەکەیەوە گەیەندرایە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.

 

لانە عومەر، کە بە شێوەیەکی گوماناوی لە بەشە ناوخۆییەکەی دەکەوێتە خوارەوە، لەسەر ڕووداوەکە، مقەدەم بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە وتی: "هه‌ر پاش ڕووداوه‌كه‌ مەفرەزەی پۆلیسی فریاکەوتن ئامادە دەبن لە شوێنی ڕووداوە دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە بە مەبەستی چارەسەرکردنی"، دواتر بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دەگوازرێتەوە، بەڵام بەهۆی توندی زەبرەکەیەوە لانە عومەری خوێندکار ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

 

بەپێی وتەی مقەدەم بەرزان عوسمان دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە لە بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە ڕێکخراوە، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هۆكاره‌كه‌ی به نه‌زانراوی ماوه‌ته‌وه‌‌.