شەڕ بەردەوامە و ژمارەی قوربانییەکان بۆ زیاتر لە ٤١ هەزار کەس بەرزبووەتەوە

شەڕ لە کەرتی غەززە پێی ناوەتە ٣٤٠هەمین ڕۆژی خۆیەوە، سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەستاندنی دەستبەجێی هێرشەکان و فەرمانەکانی دادگای نێودەوڵەتی بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕێگریکردن لە کردەوەکانی جینۆساید، بەڵام شەڕ بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕ و هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دوای ٧ی کانوونی یەکەمەوە بە هەزاران قوربانی لێکەوتووەتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەروەها برسێتییەکی کوشندە کە ژیانی دەیان کەسی خستووەتە مەترسییەوە، ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە.

 

دوێنێ ١٠ی ئەیلوول، وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی شەڕی بەردەوامی غەززە بۆ ٤١ هەزار و ٢٠ گیان لەدەستدان بەرزبووەتەوە، هەروەها ٩٤ هەزار و ٩٢٥ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمە جگە لە هەزاران کەسی بێسەروشوێن کە تا ئێستاش لە ژێر داروپەردوودا ماون لە ماڵەکانیاندا.

 

وەزارەتەکە لە ڕاپۆرتی ئاماریی خۆیدا ڕایگەیاندووە، "هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سێ کۆمەڵکوژی ترسناکیان ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا ٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٠ برینداریش لە نەخۆشخانەکاندان، ژمارەیەک قوربانی هێشتا لەژێر داروپەردوو و لەسەر ڕێگاکانن، هەروەها ئەمبولانس و تیمەکانی بەرگری شارستانی ناتوانن بگەنە فریایان".