مامۆستایانی ناڕازی بە چەند مەرجێک بایکۆتیان هەڵپەسارد

مامۆستایانی ناڕازی بە ڕاگەیەندراوێک شکاندنی بایکۆت و دەستپێکردنەوەى سەرتاسەری خوێندن بڵاوکردەوە، کە بە چەند مەرجێک گەشتوونەتە ئەو بڕیارە و ڕایانگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیکەی مامۆستایان بەردەوام لە هەوڵدا دەبن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی مامۆستایانى ناڕازی دوێنێ ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەى شکاندنی بایکۆت و دەستپێکردنەوەى سەرتاسەری خوێندن بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "پاش کۆبوونەوەی بەشێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت، ناوبراو هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاریدا پاش هەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی عێراق پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان بەپێی ساڵانی خزمەت، بخرێتە بواری جێبەجێبەجێکردن"

 

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەی بە، بە گرێبەستکردنی وانەبێژان بە قۆناغبەندی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنیان دا، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیکەی مامۆستایان؛ بەردەوام لەسەر خەت دەبن و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ، دەشڵێن: ئێمە وەک ئەنجومەنی سەرتاسەریی، لەژێر ڕۆشنایی ئەو بڕیار و بەڵێنانەی جێگری سەرۆکی حکومەت، وەک دەرفەتێکی تر بە دەسەڵات و نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن، بڕیارماندا بە هەڵپەساردنی بایکۆت، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانیش، بە گوڕوتینی نوێوە دێینەوە مەیدانەکە.

 

هەروەها نوێنەرانى مامۆستایانى ناڕازی ڕاشیانگەیاند: سوپاسی یەک بەیەکی مامۆستایانی خۆڕاگر و کۆڵنەدەر و تەواوی چین و توێژەکان دەکەین، کە جوامێرانە و ماندوونەناسانە بە تەنگ سەرخستنی ئەم خەباتە مەدەنییەوە بوون/

 

جێی ئاماژەیە زیاتر لە پێنج مانگە مامۆستایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچکەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەڵام لە ماوەى چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ژێر فشار و هەڕەشەدا بەشێک لە مامۆستایان بایکۆتیان شکاند و چوونەوە هۆڵەکانی خوێند.