بەهۆی بۆردومانەوە لە سودان ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا

ناکۆکییەکانی سودان بوونەتە هۆی ئاوارەبوون و هەڵاتنی نزیکەی ٥ ملیۆن کەس لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکە، هەروەها هەزاران کەس بەهۆی بارودۆخی مرۆیی خراپی دانیشتوانەوە گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ شەشەمین مانگی لەسەر یەک بەردەوامە، بۆردومانە قورسەکانی شاری خەرتوومی باکوور دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوشتووە.

 

لیژنەکانی گەڕەکی سامراب ٣ی تشرینی یەکەم ڕایانگەیاند، ٢٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و ١١ کەسی دیکە برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومان لە ناوچەی سامراب لە باکووری خەرتووم لە پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

 

ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زیادی کردووە لە ئەنجامی تۆپباران و بۆردومانی ئاسمانی هاوبەش لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە چەند ناوچەیەکی ئۆمدورمان و خەرتووم لە باکوور، کە لەوێ دووکەڵ لە شاری ئومدورمان بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا تێیدا جێگیرکراون.

 

بەهۆی جەنگەوە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و مرۆیی دانیشتوان خراپتر بووە بەتایبەتی لە شارەکانی خەرتوومی پایتەخت، کە ناکۆکییەکە بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەربڵاو لەگەڵ کردەوەی تاڵانکردن کە بووە هۆی کەمی خۆراک و دەرمان لە خەرتوم و چەندین شاری دیکە کە بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە   ٥ ملیۆن کەس لە ناوخۆو دەرەوەی وڵاتەکە هەڵبێن.

 

هەروەها شەڕەکە قەیرانێکی مرۆیی سەختی دروستکردووە لە کاتێکدا تیمە پزیشکییە ناوخۆییەکان هۆشدارییان داوە لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا.

 

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕەکە زیاتر لە چوار هەزار کەسی کوشتووە و پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوان زۆر زیاتر بێت.