مەرزییە، ئەو گۆرانیبێژەی یەکەم کاری هونەریی لە چیا تۆمار کرد

مەرزییە فەریقی، ئەو گۆرانیبێژەی یەکەم کاری هونەریی لە چیا تۆمارکرد، ئەمڕۆ ١٨ ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا تێدەپەڕێت.

ناوەندی هەواڵ

 

مەرزییە فەریقی، ناوی تەواوی مەرزییە شەھاب عەبدوڵایە، لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ھەر لە مەریوان تەواو کردووە، لە کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠ دا چووەتە شاری سنە و خوێندنی ئامادەیی تەواو کردووە، دواتر وەک مامۆستا لە گوندێکی نزیک شاری مەریوان دەستبەکار بووە.

 

بەهۆی فشارەکانی ڕژێمی ئێران ڕوویکردە چیاکان

سەرەتای تێکەڵبوونی بە دونیای ئاواز و هونەر بۆ قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنی دەگەڕێتەوە، هەر لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە بەشداری بۆنە و چالاکییە هونەرییەکانی خوێندنگەکەی کردووە و بەهرەکانی نیشان داوە، لە ساڵی  ١٩٨٠ کاتێک ڕژێمی ئێران فشارەکانی بۆ ناوچە کوردییەکان زیاد کردووە، مەرزییە ڕووی کردووەتە چیاکانی کوردستان، بەڵام لە هونەر دانەبڕاوە و بە دەنگە ئەفسوناوییەکەی خزمەتی هونەر و شۆڕشیشی کردووە.

 

لەگەڵ تیپی مۆسیقیی "کۆڕی بانگەوازی کۆمەڵە" یەکەمین کاریی هونەریی لە چیا تۆمار کردووە، کە سروودێک بوو بە ناوی "پێشمەرگە".

 

مەرزییە  بە گۆرانی خەم و چەوساندنەوەی ژنانی نیشان دا

مەرزییە، یەکەمین ھونەرمەندی ژن بوو لە گۆرانیەکانیدا خەمی ژنی ھەڵگرت بوو بۆ خەم و ئازار و مەینەتیەکانی ژن گۆرانی دەوت و گوزارشتی لە ستەم و چەوسانەوەی ژن دەکرد، دژ بە سیستمی دواکەوتوانەی پیاوسالاریی و داب و نەریتی کۆنە پەرستانەی کۆمەڵگەی کوردی ئەو یاخی بوو لە بیرکردنەوەی باوی کۆمەڵگە.

 

لە ساڵی ١٩٨٥دا لەگەڵ خێزانەکەی وەک پەنابەر ڕوویان لە وڵاتی سوید کرد ، مەرزییەی فەریقی ڕۆژی ١٨ی ئەیلوولی  ٢٠٠٥ لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد، لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی ھێنرایەوە بۆ باشووری کوردستان و لە سلێمانی لە گردی شەھیدان بە خاک سپێردرا.