ئەنفلۆنزای تەماتە لەناو منداڵاندا بڵاودەبێتەوە

پەتایەکی نوێ بەناوی ئەنفلۆنزای تەماتە لەناو منداڵاندا بڵاودەبێتەوە و پزیشکان چاودێریی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە نوێیەکە دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژنامەی "زە ​​سەن"ی بەریتانیی ڕایگەیاندووە، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە ٨٠ منداڵ لە هیندستان تووشی ئەنفلۆنزایەکی نوێ بوونەتەوە بەناوی "ئەنفلۆنزای تەماتە".

 

ئەو ڤایرۆسە نوێیە دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی سوور و نیشانەکانی هاوشێوەی تا، کە بەهۆی مێشوولەوە دروست دەبێت.

 

پزیشكان بە گۆڤاری پزیشكیی بەریتانی (The Lancet)یان ڕاگەیاندووە، نەخۆشییەكە زۆر درمییە و ترسیان لەوە هەیە، ئەو نەخۆشییە بگوازرێتەوە بۆ گەورەكانیش.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، پەتاکە شوێنەواری سووربوونەوە و ئازاربەخش لە هەموو بەشەکانی جەستەدا دروست دەکات و وردە وردە دەئاوسێت بە قەبارەی تەماتە، بەوهۆیەشەوە ناوی پەتاکە کراوە بە ئەنفلۆنزای تەماتە.

 

دەسەڵاتدارانی هیندستان ڕایانگەیاند، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چاودێریی ٨٢ حاڵەتیان کردووە، کە سەرجەم تووشبووەکان منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ بوون.