"ئەم کردەوانەی ڕژێمی ئیسلامی بناغە ڕزیوەکانی حکومەتەکەی لاواز دەکات"

ژمارەیەک لە ژنانی مهاباد لە دژی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، ناڕەزایەتییان دەربڕی و دەڵێن: ڕژیمی دژە ژنی ئێران بە دەرکردنی سزای توند دەیەوێت ژنان بترسێنێت یان بێهیوایان بکات لە تێکۆشان، بەڵام ئێمە ڕووبەڕووی ئەو سزایانە دەبینەوە.

سارا کەریمی

 

مهاباد- لەگەڵ دەستپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەو ژنانەی، کە وەک ڕەگەزی دووەم یان ڕەگەزی لاواز لە کۆمەڵگە و بنەماڵە و تەنانەت لەلایەن حکومەتەوە هەژمار دەکران، دیارترین ڕۆڵیان لە تێکۆشانی دژ تاوانەکانی ڕژێمی ئیسلامی هەبوو، لە سەردەمی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ئێراندا، زۆرێک لە ژنان فێربوون کە دەتوانن بەبێ گوێڕایەڵی حکومەت و سیستمی پیاوسالاری، دەسەڵاتی ژنانەی خۆیان بۆ بنیادنانەوە و بەدیهێنانی دادپەروەری بەکاربهێنن.

 

مێژووی تێکۆشانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژنان لە ئێران دوای ناڕەزایەتی خەڵک لە دژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەتەوە، پێی نایە قۆناغێکی نوێ و ئەمجارەیان حکومەت لە سەرکوتکردنی ژنان شکستی هێنا، گرتن و ئەشکەنجە و زیندانی نەک هەر ژنانی لە داواکارییەکانیان دوور نەخستەوە، بەڵکو لە هەموو کاتێک زیاتر بە یەکسانی و سزای دادپەروەرانە لە ئێران خەباتیان کرد، نافەرمانی ئاشتیانەی ژنان، بە پێچەوانەی ئەو دابونەریتە و نۆرمانەی حکومەت دیکتەیان کردبوو، گۆڕانکارییەکانیان جدیتر کرد و بەشێک لە ژنانیش بە جلوبەرگی دڵخوازی خۆیانەوە چوونە سەر شەقامەکان و ئەو پەیامەیان بە حکومەت دا کە ئێمە خاوەنی جەستە و دەروون و کردارەکانی خۆمانین.

 

ئەمڕۆ ژنان لە ئێراندا ڕووبەڕووی حیجابی ناچاری و یاسای ژنکوژی دەبنەوە، بەڵام دەستبەردار نەبوون و بە شێوەی جۆراوجۆر خەبات دەکەن و ئەمەش وایکردووە کە ڕژێمی ئیسلامی بە کەرەستەی وەک ئەشکەنجە، زیندان و سزای قورس ڕووبەڕووی ژنانی تێکۆشەر و نمونەیی بێتەوە، پەخشان عەزیزی چالاکوانێکی دیار و توێژەری کۆمەڵایەتییە کە ڕۆڵێکی کاریگەری لە کۆمەڵگەدا گێڕاوە، کاتێک خوێندکار بوو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر لە سێدارەدانی ئیحسان فەتاحیان هاتە سەر شەقام و دەسبەسەر و ئەشکەنجە درا، تاکە تاوانی پەخشان ژن بوون و کورد بوونە. لێرەشدا پێویستە باس لە پەخشان، شەریفە، وریشە، نەسیم و ژنانی دیکەی زیندانیکراوی زیندانەکانی ئێران بکرێت کە پێشەنگایەتی دەکەن.

 

مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان دژی سزای توند دەبێتە سەرتاسەری

ژنان لە زیندانەکانی ڕەشت و ئەڤین ناڕەزایەتیان دەربڕی و دژی سزای ناڕەوا مانیان لە خواردن گرت، ئەگەریش ئەم گوشار و هەڕەشانە بەردەوام بێت، مانگرتن و ناڕەزایەتی زیندانیان دەبێتە سەرتاسەری و شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە دژی سزانی سێدارە و زیندانیکردنی ژنان دەستپێدەکات.

 

ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی ڕاگەیاندن و ژنانی سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیانەوێت ئەم سزاە ناڕەوایانە ڕابگرن،  وەک چۆن پەخشان وتی ئەم کاروانە ناوەستێنێت، بە هەمان شێوە، سەرکوتکردن و سانسۆر و دوورخستنەوەی ژنان و مێژووی خەباتە سیاسییەکان بوار بۆ سیاسەتی دۆگما ناکاتەوە، بەڵکو چارەسەر قبوڵکردن و دانپێدانانە بە مافەکانی ژنان و هەموو کۆمەڵگە، بە تایبەت کورد و بەلووچەکان.

 

دڵنیا کەریمپوور، خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری مهاباد، سەبارەت بەم کارەی ڕژێمی ئیسلامی لە دژی ژنە تێکۆشەرەکان دەڵێت: ژنانی تێکۆشەر لە ئێران وەک نەرگس محەمەدی، زەینەب جەلالیان و سەدان ژنی دیکە بە تاوانی بەرەنگاربوونەوەی جیاوازی ڕەگەزی لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە زیندانی کراون، بەڵام بە زیندانیکردن خەباتی ژنان نەک هەر کۆتایی نەهات، بەڵکو بەهێزتر لە جاران بەردەوام بوو وا دیارە ڕژێمی دژە ژنی ئێران بە دەرکردنی سزای قورس بۆ پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی دەیەوێت ژنان بترسێنێت یان بێهیوایان بکات لە شەڕ کردن، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە، ئێمە زیاتر لە جاران شەڕ دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزا قورسانە و ئەم حکومەتە دەبێ بزانێت کە ژنان زۆر بە وشیارتر لە جاران شەڕ دەکەن و ئەم کردەوانەی ڕژێمی ئیسلامی تەنیا بناغە ڕزیوەکانی حکومەتەکەی لاواز دەکات.

 

سەنا.م، چالاکوانی کۆمەڵایەتی و ژنانیش دەڵێت: ئامانجی حکومەت ڕاگرتنی گردبوونەوە و چالاکیی گروپییە، کۆمەڵگە پارچە پارچە بووە و زۆربەی چینەکان خۆیان لە یەکتر دوور خستووەتەوە و ئامانجی حکومەتیش پاڵنانی کۆمەڵگەیە بەرەو تاکگەرایی، ترسی لە کاری گروپی ژنان هەیە، چونکە دەزانێت هۆشیاری ژنان زیاتر دەبێت و ئەوە بناغەکانی حکومەت دەهەژێنێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" فەرمانی قورسی دژ بە ژنان دەرکرد، مەبەستیشی بێدەنگکردنی ناڕەزایەتی ژنانە، بەڵام جەستەی کۆمەڵگە بەرەو هۆشیاری هەنگاوی ناوە و لەگەڵ سەرکوتکردن و سانسۆریشدا، ناتوانن بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ ببن و کۆمەڵگەش داینامیکی خۆی بنیاد ناوە.