ژنێک پاشماوەی ململانێکانی سودان  پاک دەکاتەوە

 لە سودان ئاوارەبوون بەهۆی ململانێکانەوە بووەتە هۆی دروستبوونی زبڵ و خاشاکی زۆر لە شارەکاندا، ژنە چالاکوانێک بە ناوی سەلما عەواد فازل پێشەنگایەتی هەڵمەتێکی پاککردنەوە دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

ئەیا ئیبراهیم

 

سودان– دەرئەنجامە نەرێنییەکانی شەڕ و ململانێکان دەبێتە بارگرانی بۆسەر ژنان، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕوویداوە، بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵک لەو ناوچانەی کە شایەتحاڵی ململانێکان بوون، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە شارە ئارامەکانی سودان نیشتەجێ بوون.

 

لە ئەنجامدا پاشماوە و خاشاکی زۆر لەسەر ڕێگا گشتییەکان دروست بووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی پەتا لە وڵاتدا، لە بەرامبەردا سەلما عەواد فازیل، ژنە چالاکوانێکی خۆبەخش هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ پاککردنەوە و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکانی هەرێم دەستپێکردووە، ئەو لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و زەحمەتی بووەتەوە و گرژی و ململانێی ناوچەکەش دۆخەکەی قورستر

کردووە، بەڵام ئەو چالاکوانە لەگەڵ هاوکارەکانیدا لە کاتی خۆرهەڵاتندا بەرەو ئەو ناوچانە دەڕۆن کە زبڵ و خاشاکەکانیان لێ فڕێدراوە.

 

پێشەنگایەتی هەڵمەتی پاککردنەوە

 سەلما عەواد فازیل لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی هەڵمەتە هاوبەشەکانەوە لەگەڵ "نافیر ئەلئەفییە"، "گەنجان بۆ وڵات" و مانگی سووری سودان کاریان کردووە و وتیشی: لە ساڵی ٢٠١٨وە دەستمان بە هەڵمەتەکە کردووە، کار لەسەر پڕۆژەیەکی پاکردنەوەی زبڵ و خاشاک دەکەین لە یەکەکانی کەریمە و مەروی لە شارەکانی باکوور، دوای ئەوەی لە خەرتومەوە گواستمانەوە بۆ شارەکانی باکوور بەهۆی ململانێکانەوە، من بە فەرمی داوای جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەم کرد، هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە بەرهەمی ماددی بەرهەم ناهێنێت، بەڵام هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم کاتێک ژینگە لە زبڵ و پەتا پاکدەکەمەوە و ژیانێکی سەلامەت بۆ هاوڵاتیان لە ژینگەیەکی تەندروستدا دروست دەکەم، پێویستە هەموو کەسێک دەوروبەری خۆی لە زبڵ و پیسی پاک بکاتەوە.

 

سەختی و ئاڵەنگارییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە

سەلما عەواد فازیل بەم وشانە ئەو سەختی و ئاڵەنگارییانەی لە بەردەم پڕۆژەکانیدا سەرهەڵدەدەن، خستەڕوو: لە هەڵمەتەکەدا ڕووبەڕووی چەندین سەختی و ئاستەنگ دەبینەوە، لە هەمووی زیاتر ڕووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی پاشماوە و کەمی کرێکار و لاوازی ڕۆشنبیری هاوڵاتیان بەرامبەر بە کۆکردنەوەی پاشماوەکان دەبینەوە، ئاگاداریان دەکەمەوە لە مەترسییەکانی بەفیڕۆدان لەسەر کۆمەڵگە،  ژنان دەتوانن هەر کارێک بەڕێوەببەن، دەبێ پاڵپشتی و هاوکاری بۆ پڕۆژەکانی ژنان بکرێت، بەتایبەت لە پرۆژەی پاککردنەوەی زبڵ و خاشاکدا.

 

"هەست بە خۆشحاڵییەکی زۆر دەکەم بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری"

هەروەها سەلما زانیاری لەسەر ئەو پڕۆژانە خستەڕوو کە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە بەڕێوەی دەبات و وتیشی: ئەو پاشماوانەی کە بە دەوریدا بڵاوبوونەتەوە کۆدەکرێنەوە و دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە و دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگیرێت، ئەمە یەکەم پڕۆژەی خۆبەخشی نییە، لە ماوەی ڕابردوودا پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی منداڵبوونی نافیر ئەلعەفیمان ئەنجامدا، هەروەها هەڵمەتێکمان بۆ دابینکردنی ‘سیرەم’ بۆ نەخۆشەکان ئەنجامدا، من زۆر دڵخۆشم بە هاوکاری خەڵک و کۆمەڵگا.

 

 ژنان کاری خۆبەخشانە ئەنجام دەدەن

جگە لە سەلما فازیل، ژنانی زۆر هەن لە سودان کە لە کاری خۆبەخشیدا چالاکن و لە کاتی شەڕەکاندا زۆر چالاک بوون، لە نێویاندا چالاکوانی خۆبەخشی بەناوبانگ، سوهاندا عەبدول وەهاب هەیە کە بە "دایکی هەژاران" ناودەبرێت، سوهاندا کاتی شەڕ و ململانێکان، هەمیشه ئامادەبوو بۆ خزمەتکردنی هەژاران و ئەو کەسانەی پێویستییان پێ بوو، پاڵپشتی بۆ دابین دەکردن.