بۆ داهاتووی منداڵەکانی لە لوبنانەوە ڕووی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە
خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەو خوێندکارانەی بەهۆی شەڕی لوبنانەوە پەنابەر بوون، لە قوتابخانەکانی ناوچەکەدا تۆماری کردن، بنەماڵەی خوێندکارانیش جەختیان لەوە کردەوە کە دەیانەوێت منداڵەکانیان بە زمانی دایک بخوێنن.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ- بەپێی ئامارە فەرمییەکانی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا؛ لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە لوبنان، ٢٠ هەزار و ٤٠٩ کەس پەڕینەوە بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەو ژمارەیەش ٦ هەزار و ٢٣٦ ژن، ٧ هەزار و ٥٧٣ پیاو، ٦ هەزار و ٤٧٨ منداڵ، ٩٤ کەسیان لوبنانین، لە سەرەتای ئەم شەڕەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی سووری کە لەوێ دەژیان و هاووڵاتیانی لوبنانی ڕوویان لە سووریا کرد، زۆربەیان چوونە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەتی کانتۆنی جزیرە.
"نابێت منداڵان لە خوێندن بێبەش بکرێن لە هیچ بارودۆخێکدا"
گوڵستان ئیسماعیل، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، لەم بابەتەدا هەنگاوێکیان ناوەو وتی: هەنگاوێکمان لەم بابەتەدا ناوەو دەستمان بە هەڵمەتێک کرد بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە خوێندن و خوێندنگە دابڕان، سەرجەم خوێندنگەکەمان ئاگادارکراونەتەوە کە پێشوازی لە خوێندکاران بکەن لە هەموو پێکهاتەکان.
"هەر پێکهاتەیەک بە زمانی خۆی دەخوێنێت"
پەروەردەی فەرمی ئەو خوێندنگانەی کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە دابین دەکرێن، بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و سریانییە، گوڵستان ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد، هەر پێکهاتەیەک بە پێی خواستی خۆیان خوێندن بە زمانی خۆیان وەردەگرن و وتی: بێگومان هەر پێکهاتەیەک بە پێی پێکهاتەی خۆی خوێندن بە زمانی خۆی وەردەگرێت، خوێندکاران لە زۆرێک لە شارەکانی کانتۆنی جزیرە لە خوێندنگەکاندا ناویان تۆمار کرابوو و ئێستا خەریکی وەرگرتنی خوێندنن، وەک قامیشلۆ، دێرک، گیرکە لەگە و هتد. تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی نییە چونکە هێشتا خوێندکاران ناویان تۆمار دەکرێت، لە داهاتوودا ئاماریش دەبێت.
گوڵستان ئیسماعیل ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن هاوکاری خوێندکارانی کورد بکەن بۆ ئەوەی بە زمانی دایک فێربن و لە کۆتاییدا وتی: هەندێک منداڵ هەن کە کێشەیان هەیە، چونکە یەکەمجارە بە فەرمی بە زمانی دایک پەروەردە دەکرێن، مامۆستایانی خوێندنگەکە سەرنجیان لەسەر فێرکردنی ئەو خوێندکارانەیە بۆ ئەوەی بتوانن بە خێرایی بچنە ناو کەشوهەوای پەروەردەییەوە بەپێی ئارەزووی خۆیان.
پلانێکی درێژخایەن بۆ داهاتوو
لە کۆتایی قسەکانیدا گوڵستان ئیسماعیل جەختی لەوە کردەوە کە بە پێی خواست و بڕیاری خێزانەکان پلانێکی درێژخایەن ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ئەو خوێندکارانە لە داهاتوودا خوێندنیان تەواو بکەن، ئەگەر ئەو خوێندکارانە بیانەوێت، ئەوانیش دەتوانن زانکۆو پەیمانگە لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تەواو بکەن.
محەمەدی تەمەن ١٠ ساڵ دەستی بە خوێندنی کوردی کردووە
محەمەد یوسف تەمەنی ١٠ ساڵە و لە خوێندگەی ویام لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پۆلی سێی بنەڕەتی دەخوێنێت، محەمەد لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان لەگەڵ بنەماڵەکەی بەجێهێشت و چووە قامیشلۆ خۆشحاڵە بە فێربوونی چۆنیەتی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی و وتی: بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە لوبنانمان بەجێهێشت، لەم خوێندنگەیەدا هەموو خەونەکانم دەبینم و زمانی دایک فێر دەبم، من هاتووم بۆ فێربوونی زمانی کوردی.
"ئێمە لێرەین بۆ داهاتووی منداڵەکانمان"
دایکی محەمەد بەناوی عەتیا خەلیل بەڕەچەڵەک خەڵکی شاری قامیشلۆیە، ماوەیەک لە شامی پایتەختی سووریا ژیاوە و بەهۆی شەڕی ئەوێ، ڕووی لە لوبنان کردووە، دوای ماوەیەکی زۆر بەهۆی شەڕی لوبنان، جارێکی دیکە ناچار بوو ماڵەکەی بەجێبهێڵێت و ئێستا لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی لە قامیشلۆ نیشتەجێیە.
عەتیا دەیەوێت منداڵەکانی لە خوێندن بێبەش نەبن، بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە بکرێن و وتی: بۆ ئایندەی منداڵەکانمان گەڕاینەوە قامیشلۆ، خوێندنگرنگە و نابێت پشتگوێ بخرێت، دەمانتوانی بیاننێرین بۆ خوێندنگەکانی ڕژێم، بەڵام ویستمان منداڵەکانمان بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە بکرێن.