پێویستە دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی هەڵبوەشێتەوە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی لە سزای لەسێدارەدانی شەریف محەممەدی، چالاکوانی کرێکاری زیندانیکراو لە زیندانی لاکان لە ڕەشت گرت و بە ئەوپەڕی نادادپەروەرانە ناوی برد و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ و بێ مەرجی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە لێدوانەکانی ئەم زیندانییە سیاسییە "دەربارەی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ هەرگیز لێکۆڵینەوەی لە سەر نەکراوە".

 

ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە دادگای ئینقلابی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، پارێزگای گیلان سزای لەسێدارەدانی بۆ شەریفە محەمەدی تەنها لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییە ئاشتیخوازەکانی مافی مرۆڤدا سەپاندووە، هەروەها وەک چالاکوانێک بۆ مافەکانی کرێکاران و مافەکانی ژنان و بەرگریکاری هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان ناوی شەرفیە محەمەدی هێناوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکە و هەر پلانێک بۆ لەسێدارەدانی و ئازادکردنی دەکات.

 

هەروەها بەپێویستی زانی "لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و کاریگەر و بێلایەنانە" سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم زیندانییە سیاسییە لەسەر ئەو ئەشکەنجە و توندوتیژییانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، ئەنجام بدات و داوای کرد هەرکەسێک لەم بارەیەوە بەرپرسیار بووبێت لە دادگا دادپەروەرەکاندا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

 

شەریف محەممەدی لە ٥ کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣  لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە  لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا و دواتر لە زیندانی لاکانی ڕەشتەوە بۆ زیندانی سنە گوازرایەوە، دواجار پاش ماوەیەک گەڕێنرایەوە بۆ ئەم زیندانە و دوای سێ مانگ لە زیندانی تاکەکەسیەوە بۆ بەندی گشتی زیندانی لاکان لە ڕەشت گوازرایەوە.

 

دانیشتنی دادگا لەسەر تۆمەتەکانی ئەم چالاکوانی کرێکارییە لە ٩ حوزیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو و بە سیناریۆیەکی ساختە و دروستکردنی دۆسیە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات، بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک، بە تۆمەتی درۆ، لەوانەش تۆمەتی "یاخیبوون" دادگایی کرا.

 

یەکێک لەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی شەریفە محەمەدی دەکرێت، ئەندامی یەکێک لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانە، کە بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بە پشتبەستن بە سەرچاوە نزیکەکانی بنەماڵەکەی، ناوبراو تا ساڵی ٢٠١٣ ئەندامی کۆمەڵەی ڕێکخراوی کرێکارییەکان بووە، ئەم کۆمەڵەیەش هیچ پەیوەندییەکی نییە لەگەڵ گروپی دیکە کە ئەویان لە سەر بابەتی ئەندامبوون لەم گروپە بە سزای "یاخیبوون" تۆمەتبار کردووە.

 

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی تەمموزی ئەمساڵ، کەمپەینی بەرگری لە شەریفە محەمەدی، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەم چالاکوانە کرێکارییە لە دادگای ڕەشت ڕاگەیاند.