هەزاران خانوو لە ڕووسیا و کازاخستان ژێر لافاو کەوتوون
بەهۆی توانەوەی بەفری زنجیرە چیاکانی ئورال لە هەرێمی سایبیریای ڕووسیا، لافاو دروستبوو بەهۆیەوە هەزاران خانوو زیانیان بەرکەوت جگە لەوە شەپۆلی لافاو کازاخستانیشی گرتەوە.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/04/20240411-109217865-webp3d16b0-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
بەهۆی توانەوەی بەفری زنجیرە چیاکانی ئورال لە هەرێمی سایبیریای ڕووسیا ئاستی ئاوی ڕووباری ئورالی بەرزکردووەتەوە و ئەوەش بووتە هۆی دروستبوونی لافاو لە شاری ئۆرێنبێرگ لە ڕووسیا کە نزیکەی نیو ملیۆن دانیشتووی هەیە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و تێیدا زیاتر لە ٧ هەزار و ٧٠٠ کەس ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن و ١٠ هەزار و ٥٠٠ خانووش ڕووخاون و زیانیان بەرکەتوون.
ئاستی ڕووبارەکە ١٠ مەتر بەرزبووەتەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوون و نزیکەی ٥٥٠ هەزار خانووش لە هەردوو وڵات ڕووخاون و زیانیان بەرکەوتووە،
هەر لە رووسیا لە شاری کورگان زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ کەس ئاوارەبوون و پێشبینیدەکرێت ئاوارەبوونی هەزارانی دیکە دەکرێت، وەزارەتی فریاگوزاریی ڕووسیا ئاماژەی بەوەکرد، ٣٥ تەن هاوکاری کە پێکدێت لە خۆراک، دەرمان و پێداویستی دیکەی رۆژانە بە فڕۆکە دەگەیەندرێتە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان.
جگە لەوەش لافاو باکوور و ڕۆژهەڵاتی کازاخستانیشی گرتەوە، بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە ٩٧ هەزار کەس ماڵی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەبوون، حکومەتی کازاخستان باری لە ناکاوی لە هەشت پارێزگا ڕاگەیاندووە و تیمەکانی فریاگوزاری بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی ئاو بۆ کەمکردنەوەی مەترسی چوونەتە ناوچە مەترسیدارەکان.