دوای ٨ مانگ لە بوومەلەرزەکە؛ هیچ کۆنتێنەرێک نییە

لە سەمسور هەرچەندە ٨ مانگ بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام خێزان هەیە تا ئێستا کۆنتێنەریان پێنەدراوە، ئەو کەسانەشی لەناو کۆنتەینەردا دەژین بەدەست نەبوونی پێداویستییەکانەوە دەناڵێنن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- بوومەلەرزەکەی ٥ی شوبات، کە ناوەندەکەی مەڕەش بوو و باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند، زیانی بەرچاوی لە شاری سەمسور دا، هەرچەندە چەند مانگێک تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا دەرفەتی ژیان بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەستەبەر نەکراوە و برینەکانیان ساڕێژ نەبووە، بەشێک لە بەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە لەناو کۆنتێنەرەکاندا دەمێننەوە، بە ناوی "سەنتەری نیشتەجێبوونی کاتی" کە لەلایەن ئافادەوە دروستکراوە. ٪٦٠ی شارەکە زیانی بەرکەوتووە و ١٣ هەزار و ٧٢٦ کۆنتێنەر لە ٢٠ شوێنی جیاوازدا هەیە.

 

بەشێک لە کۆنتێنەرەکان لەلایەن خۆبەخشەکانەوە دروستکراون یان خەڵک خۆیان دابینیان کردووە، ئەو خانووە بوومەلەرزانەی کە لەلایەن تۆکی-TOKÎیەوە دروست دەکرێن، هێشتا تەواو نەبوون. بەرکەوتووانی بوومەلەرزەکەش کە تا ئێستا لە چادرەکاندا دەژین، خەمی هاتنی وەرزی زستانیانە و زۆرێک لەو خێزانانەی کە ناتوانن دەستیان بە کۆنتێنەر بگات لەگەڵ کەسوکاریان دەمێننەوە.

 

"٧ کەسمان لە خانوویەکی ٢١ مەتر چوارگۆشەدا دەژین"

نافیە ئەسەن، بەرکەوتوویەکی بوومەلەرزەکەیە و باسی لەوەکرد، ٧ کەسی خێزانەکەی لە خانوویەکی ٢١ مەتر چوارگۆشەدا دەژین و ناتوانن لەناو کۆنتێنەرەکەدا جێیان ببێتەوە و دەڵێت: ئێمە لێرە پەرێشان و بێدەسەڵاتین، دوو خێزان لەناو کۆنتێنەرێکدا دەژین، هەموو کۆنتێنەرەکان بەیەکەوە بەستراونەتەوە، شوێنەکە زۆر تەسکە و کۆنتێنەرەکان هێندە بچووکن خەڵک ناتوانن جێیان ببێتەوە، ئێمە ناتوانین ئاودەست و حەمام بەکاربهێنین چونکە ئاوەکە لێیانەوە دێتە دەرەوە، شەوانە هەمووان دەبێت لە یەک کاتدا لە خەو هەڵسن، ژوورێکی بچووکمان کردووە بە چێشتخانە و ژووری منداڵان، منداڵەکان لە چێشتخانە خەوتوون. جێگەکانمان تەڕ دەبن بەهۆی ئەو ئاوەی کە لە حەمامەوە دڵۆپە دەکات. ئێمە نازانین چی بکەین، ئەمە ژیان نییە، سەمسور بێ ماڵ و حاڵ ماوەتەوە.

 

"ماوەی ٨ مانگە چاوەڕێی کۆنتێنەرەکەمانین"

نورجان شاهین بەرکەوتەیەکی دیکەی بوومەلەرزەکەیە و هەرچەندە بۆ ماوەی ٨ مانگ داواکاری پێشکەش کردووە، بەڵام کۆنتێنەرێکیان پێنەداوە، بۆیە ناچار بووە لەگەڵ دایکی بمێنێتەوە، بە هاتنی وەرزی زستان نیگەرانە و دەڵێت: ئێمە ئەمڕۆ لێرەین، بەڵام نازانین سبەی چی ڕوودەدات، سەرەڕای داواکارییەکەمان ٨ مانگە کۆنتێنەرێکیان پێنەداوم، لە خانوویەکی کرێدا دەمێنمەوە و دەریان کردم، لەو سەردەمانەدا هیچ دەرگایەک نییە کە ئێمە لێمان نەدابێت، من ناتوانم کوڕەکەم بنێرم بۆ قوتابخانە چونکە ناونیشانم نییە، تەنانەت کۆنتێنەرەکانیش تەندروست نین و ناتوانین حەمامەکەش بەکاربهێنین، دۆخێکی زۆر سەختە، هیچ شوێنێکمان نییە بۆ ئەوەی بچین و تیایدا بژین.