دەسەڵاتدارانی ئێران: لە هێرشەکاندا ٥ هەزار و ٣٥٦ کەس کوژراون و بریندار بوون

دەسەڵاتدارانی ئێران ژمارەی نوێی جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییەیان لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل ڕاگەیاندو ئاشکرایانکرد، ٥ هەزار و ٣٥٦ کەس کوژراون و بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ-لە هەڵکشانێکی سەربازی بێوێنەی نێوان ئێران و هێزەکانی ئیسرائیل، هەردوولا بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ هێرشی مووشەکییان ئاڵوگۆڕ کرد، زیانێکی بەرفراوانی مرۆیی و ماددی لە هەردوولا لێکەوتەوە، لەوانە هێرشکردنە سەر هاوڵاتی مەدەنی و ژێرخانی ئابووری و لێکەوتەی مرۆیی سەختی لێکەوتەوە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە دووبارە پێکدادانەکان بەردەوامن.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران ڕۆژی ٢٥ی حوزەیران ئاماری نوێی زیانەکانیان ئاشکرا کرد کە لە کاتی ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی ئەم دواییە لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل کە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ بەردەوام بوو، ژمارەی کوژراو و بریندارەکان گەیشتە پێنج هەزار و ٣٥٦ کەس کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی برینداران گەیشتووەتە چوار هەزار و ٧٤٦ کەس، هاوکات ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٦١٠ کەس، ئەمەش بە بەراورد بە ژمارەی گیانلەدەستدانی چوار کەس زیادیکردووە کە دوێنێ وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند.

 

دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندووە، ١٨٥ ژن برینداربوون، لەنێویاندا ٦٥ ژن لە خوار تەمەنی ٢٠ ساڵەوە، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە ٤٩ کەس، ١٣ منداڵ کوژراون.

 

دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندووە لە هێرشەکاندا ٢٠ کارمەندی پزیشکی برینداربوون و پێنج کەس کوژراون، هەروەها نۆ ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و حەوت نەخۆشخانە و چوار یەکەی تەندروستی و شەش بنکە زیانیان بەرکەوتووە.

 

وەزیری تەندروستی ئێران ئاماژەی بەوەدا کە لە ٩٥%ی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل لەژێر داروپەردوودا گیانیان لەدەستداوە، تەنها لە ٥%ی بریندارەکان کە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان گیانیان لەدەستداوە.

 

هەروەها وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و ئێران کە لە ١٣ی حوزەیران دەستیپێکرد، ٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٢٣٨ کەسیش برینداربوون.