دەسەڵاتداران لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نێرگس محەمەدی ڕێگری دەکەن

بنەماڵەی نێرگس محەمەدی دووپاتیان کردووەتەوە کە چەندین جار دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگرییان لە چارەسەری و پزیشکی بۆ نێرگس محەمەدی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی بنەماڵەی نێرگس محەمەدی، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ١٠ی ئەیلوولەوە سێ جار ڕێگرییان لە گواستنەوەی ئەو چالاکوانی مافی مرۆڤەو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە زیندانی ئەڤین کردووە بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەو وەرگرتنی چارەسەر.

 

دوێنێ ٣ی تشرینی یەکەم، بنەماڵەی نێرگس محەمەدی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاشکرایان کرد، دەزگا ئەمنییەکان و قەزایی لە ئێران لە ڕۆژانی ١٠و ١٧ی ئەیلوول لە ١ی تشرینی یەکەم سەرەڕای پێویستی بە چارەسەری، ڕێگرییان لە گواستنەوەی نیرگس محەمەدی بۆ نەخۆشخانەو ئەنجامدانی نەشتەگەری کردووە.

 

لە بەیاننامەکەەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەشێک لە ژنە دەستگیرکراوەکانی ناو زیندانەکە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی، ئەوانیش پەیوەندییان بە بەرپرسانەوە کردووەو  ڕایانگەیاندووە کە ڕەزامەندی بۆ گواستنەوەی دەرچووە، بەڵام بە فەرمانێک کە لە دەرەوەی زیندانەوە دەرچووە، ڕاگیراوە.

 

 بنەماڵەی نێرگس محەمەدی لە ڕێگەی ئەم بەیاننامەیەوە پشتڕاستیان کردەوە کە ئەم بەربەستە دووبارەبووەی دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان بەبێ ئەوەی وەڵام بدەنەوە سەبارەت بە چارەسەری گونجاو هەڕەشەیەکی ڕوونە بۆ سەر تەندروستی نێرگس معەمەدی، داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد دەستوەردان و بەدواداچوون بکەن.

 

لە مانگی ئابدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی ئازادی بۆ نێرگس محەمەدی نیگەرانی قووڵی دەربڕی سەبارەت بە تێکچوونی باری تەندروستی، داوای ئازادکردنی بەپەلە و دابینکردنی چاودێری پزیشکی پێویستیان کرد.

 

ڕوونکراوەتەوە، لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢، نێرگس محەمەدی بەهۆی گیرانی ٧٥%ی یەکێک لە خوێنبەرە سەرەکییەکانی دڵی، ڕێکارێکی بەپەلەی بۆ ئەنجامدراوە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری دەستێوەردانی پزیشکی هاوشێوە لە خوێنبەرەکانی دیکەدا هەیە.

 

جێگای سەرنجە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار هەواڵی دابیننەکردنی چاودێری پزیشکی بۆ زیندانیانی سیاسی لە ئێران بڵاو بووەتەوە کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک کەس بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لە ئەستۆ نەگرتووە لە بەرامبەر ئەو مردنانەی کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان و بێبەشکردنی چاودێری پزیشکی ڕوودەدەن.