بەهۆی لافاوەوە لە کینیا ١٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا

لافاو لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی خەڵک و کۆچی هەزاران خێزان و وێرانکردنی ژێرخان و موڵک.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لە هەرێمەکانی ئەفریقا، کینیا و ئەسیوپیا و سۆماڵ بارانێکی زۆر باری کە پەیوەندی بە دیاردەی کەشوهەوای ئێل نینۆوە هەیە ئەمەش دوای ئەوەی یەکێک لە خراپترین شەپۆلەکانی وشکەساڵی لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا تۆمارکراوە، کارەساتی لافاو بووە هۆی لەدەستدانی مرۆڤ، کۆچی هەزاران خێزان، بڵاوبوونەوە و وێرانکردنی ژێرخان و موڵک.

 

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە زۆربەی ناوچەکانی کینیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٢٠ کەس و زیاتر لە ٨٩ هەزار کەسیش ماڵەکانیان جێهێشتووە.

 

کاربەدەستانی کینیا ڕایانگەیاند، سەرەڕای ژمارەی گیان لەدەستدانەکانی پێشوو کە ٧٦ کەس بوون، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە کە ڕۆژی سێشەممە لە زۆربەی ناوچەکانی کینیا ڕوویدا گەیشتە ١٢٠ کەس، هەروەها ٨٩ هەزار خێزان کۆچیان کردووەو لە ١١٢ کامپدا نیشتەجێ بوون.