دەنگی ئەرینا؛ داواکارییەکی مرۆیی بۆ کەسانی خاوەن داون سیندرۆم

کەسانی داون سیندرۆم لە هەرێمی کوردستان پێویستان بە گرنگی پێدانی زیاترو خزمەتگوزارییە، ئارینا سۆران خوشکی ئاریایە کە داون سیندرۆمەو سەرەڕای ئەوەی بووەتە هاوەڵی، داوادەکات گرنگی بە خوشکەکەی و کەسانی دیکەی داون سیندرۆم بدرێت.

میهربان سەلام

 

هەڵەبجە-ئەرینا سۆران، ژیانی ڕۆژانەی لەگەڵ خوشکەکەی بەناوی ئاریا، تێکەڵ بووە؛ خوشکێک کە داون سیندرۆمە، پێداویستییەکانی خوشکەکەی تەنها بە چارەسەری پزیشکی کۆتایی نایەن؛ بەڵکو پێویستی بە شوێنێکی تایبەت هەیە کە بتوانێت لەوێدا خزمەتگوزارییە پزیشکی، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی گونجاو پێشکەش بکرێن.

 

داواکارییەک بۆ دامەزراندنی سەنتەرێکی تایبەت

ئەرینا سۆران قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: خوشکی ئاریا سۆرانم؛ خوشکەکەم سیندرۆمی داونی هەیە. ئێمە لە ماڵەوە کێشە و پێداویستیمان هەیە و خوشکەکەم پێویستی بە شوێنێکی تایبەت هەیە، لە هەرێمی کوردستان سەنتەرێک کە بە تایبەتی خزمەت بە کەسانی خاوەن سیندرۆمی داون بکات، بە شێوەیەکی گونجاو بەردەست نییە، پێویستمان بە سەنتەرێک یان دەزگایەک هەیە کە بتوانێت جگە لەم منداڵانە، منداڵی تریش وەربگرێت. سەنتەری ئۆتیزم هەیە، بەڵام تەنها منداڵانی ئۆتیزم وەردەگرێت.

 

پێویستی بە تێگەیشتن و مامەڵەی گونجاو

ئەرینا جەختی لەوەکردەوە کە خێزانەکانی کەسانی خاوەن سیندرۆمی داون پێویستیان بە تێگەیشتن و مامەڵەی تایبەت هەیە، چونکە پێداویستییەکانی ئەم کەسانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازن وتی: ئەمە حاڵەتێکی قورسە و داواکارییەکان زۆرن. هەندێک جار دەبێت هەموو ئەو پێداویستییە و تایبەتمەندییانە رەچاو بکرێن. نابێت بە تورەییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت؛ هەندێک جار هەست دەکەین نکۆڵییان لێ دەکرێت.

 

ئەرینا داوا لە وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، سەنتەرێک یان دەزگایەکی تایبەت بۆ ئەم کەسانە دابین بکرێت؛ شوێنێک کە بتوانێت لە وەرزی هاوین و زستاندا خزمەتگوزاری پێشکەش بکات و بەشێک لە بارودۆخی خێزانەکان کەم بکاتەوە وتی: داوام لە وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بینایەک یان دەزگایەک بکاتەوە کە بتوانێت لە هاوین و زستاندا ئەوان وەربگرێت و تۆزێک لە ئەرکی دایکان و باوکان کەم بکاتەوە.

 

"تەنها قوتابخانە بەس نییە"

بە بۆچوونی ئەرینا، ئەگەرچی پەروەردە گرنگە، بەڵام پێداویستییەکانی کەسانی خاوەن سیندرۆمی داون تەنها بە وانە و خوێندن سنووردار نابێت وتی: هەرچەندە لە قوتابخانە بن، بە تەنها ئەوە سودێکی زۆری نییە. ئەوان پێویستیان بە فێربوونی ژمارە تەنها نییە؛ پێویستیان بە یارییەکانی سەرنج و فکری هەیە، وانە و یاری و وێنە بکێشن و شتی تازە فێر بن.

 

"تواناکانیان دەبێت ببیندرێن"

ئەرینا سۆران هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کە کەسانی خاوەن سیندرۆمی داون تواناکانی جیاوازیان هەیە و بە پشتیوانی و مامەڵەی دروست دەتوانن زۆر شت فێر ببن وتی: من وەک خۆم، منداڵی مامۆستا شادانم وەک خۆمان دەیزانم و دۆخەکەیان دەناسم. دەزانم منداڵەکان، وەک خوشکی ئانیا، زۆر جار تەرکیزیان باشە، زوو شت فێر دەبن و ئەگەر زۆر لەگەڵیان قسە بکەیت، دەتوانن زوو فێری قسەکردن بن، پشتیوانیی خێزان و کۆمەڵگە، قسەکردن لەگەڵیان، یاریکردن و دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو، ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەکردن و فێربوونیاندا هەیە.

 

دەنگێک بۆ هەموو خێزانەکان

داواکاریی ئەرینا تەنها بۆ خوشکەکەی نییە؛ بەڵکو دەنگی زۆرێک لەو خێزانانەیە کە ڕۆژانە لەگەڵ پێداویستییەکانی کەسانی سیندرۆمی داون دەژین و هەندێک جار بۆ دۆزینەوەی خزمەتگوزاریی گونجاو تووشی کێشە دەبن.

 

ئەرینا دەیەوێت دەنگی خوشکەکەی بگەیەنێت؛ دەنگی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە شوێنێکی تایبەت، پشتیوانیی بەردەوام و ژیانێکی شایستە هەیە.

 

ئەم داواکارییە، بانگەوازێکە بۆ زیاترکردنی خزمەتگوزاری و دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کەسانی سیندرۆمی داون و خێزانەکانیان.