دەنگی ناڕەزایەتی زانکۆکانی تورکیا؛ ژنان لە هێڵی پێشەوەی تێکۆشاندان
ناڕەزایەتییەکانی زانکۆکان بەردەوامن و خوێندکاران لە دژی ئەو چارەنووسە نادیارە دەوەستنەوە کە بەسەریاندا هاتووە، سیمگە یاردیم، سکرتێری بەشی ژنان لە یەکێتی پەروەردە، جەخت لەسەر ڕۆڵی پێشەنگی ژنانی گەنج لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و پێویستی هاودەنگی لە خەب

سەرپیل ساڤوملو
ئەستەنبوڵ - گەنجانی تورکیا هەوڵدەدەن ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نادیاردا ژیانیان بونیاد بنێن. ئەم نەوەیە کە لە خوێندنگەوە لەگەڵ هەڵاواردن و نایەکسانی خەباتی کردووە، ئێستا لە دوای کۆلێژ ڕووبەڕووی خەمی دامەزراندن بووەتەوە و نازانێت چۆن و لە کوێ کارێکی گونجاو بدۆزێتەوە.
بێکاری لە تورکیا گەیشتە ئاستێکی بێوێنە
بەپێی ڕاپۆرتی مانگی شوباتی ٢٠٢٥ی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای شۆڕشگێڕی تورکیا (DISCR) سەبارەت بە دۆخی دامەزراندن، ژمارەی بێکاران لە پێناسە فراوانەکەدا لە ٧ ملیۆن و ٣٤٣ هەزار کەسەوە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ١٠ ملیۆن و ١٦٩ هەزار کەس لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤و دواتر بۆ ١١ ملیۆن و ٢٦٠ هەزار کەس لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥دا زیادی کردووە بەرزترین ڕێژەی بێکاری کە لەسەدا ٣٧.٥ بۆ ژنان بووە و سێیەم بەرزترین ڕێژەی بێکاری لە وڵاتەکەدا کە لەسەدا ٢٢.٧ بووە، بۆ ژنانی گەنج بووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە گەنجان یان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن کارێک بدۆزنەوە یان ناچارن لە ئەو کارەکاندا کار بکەن کە بەبێ گرێبەستی فەرمی و بەبێ هیچ ئاسایشێکی کاریان نییە.
برسێتی خوێندکاران
قەیرانی ئابووری کێشەی برسێتی لە وڵاتدا گەورەتر کردووە. وەک چۆن خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی بە سکی بەتاڵ دەچنە قوتابخانە، خوێندکارانی زانکۆش لە دۆخێکی هاوشێوەدان. جگە لە کێشەی بنەڕەتی نیشتەجێبوون، ناتوانن خۆراکی پێویستیان بۆ دابین بکەن. دوای لێکۆڵینەوە لە "گەندەڵی و تیرۆر" لەدژی شارەوانی ئەستەنبوڵ، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بایکۆت لە زانکۆکان ڕوویدا. خوێندکاران دەیانەوێت دەنگی خۆیان ببیسترێت و کێشەکانیان بە کۆمەڵگە پیشان بدرێت، هەروەها دەیانەوێت هاوپۆلەکانیان ئازاد بکرێن کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و زیندانی کراون.
تۆمارکردن بۆ سەندیکا
سەندیکای کرێکارانی پەروەردە تەنها بەهۆی بڕیاری پرۆفیسۆر و خوێندکاران بۆ "گەمارۆدان"ی دۆخی ئێستا بووەتە ئامانجی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان، ڕاگەیەندراوی یەکێتی پەروەردە بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران لە ئەستەنبوڵ و ئیزمیر و ئەنقەرە دژی دەستگیرکردنی کارگێڕانی هەڵبژێردراو و داواکاری دروستکردنی وڵات و زانکۆیەکی دیموکراسی بابەتی ئەم دۆسیەیە. لەگەڵ سیمگە یاردیم سکرتێری بەشی ژنانی یەکێتی پەروەردە سەبارەت بە دۆخی خوێندکاران و هۆکاری بەئامانجکردنیان قسەمان کرد.
خوێندکاران خەریکی بونیادنانەوەی هیواکانیانن
سیمگە یاردیم سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێستای زانکۆکان وتی: ئەم ناڕەزایەتیانە کاردانەوەیە بەرامبەر بە نادڵنیایی و بێهیوایی و قەیرانی ئابووری و سیاسەتی پەروەردەیی نادروست و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە ساڵانێکی زۆرە کۆمەڵگەکەمان ڕووبەڕووی بووەتەوە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەی ئەکادیمی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە نادڵنیایی خوێندکارانی زیاتر دەرکەوت، لە زانکۆکاندا زۆربەی گەنجان بێکارن، تەنانەت ئەو دەرچووانەی کە سەرکەوتوو دەبن لە دۆزینەوەی کار، دەبێت بە مووچەیەکی زۆر کەم کار بکەن و ڕێژەی بێکاری گەنجان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرز دەبێتەوە. ئەم دۆخە شەپۆلێکی نائومێدی لە خوێندنی زانکۆ لای خوێندکاران دروست کردووە. قەیرانی ئابووری زۆرترین فشاری خستۆتە سەر قوتابیان، بەو پێیەی خانووبەرە بووەتە تەحەدایەکی جددی بۆ درێژەدان بە خوێندن. زۆرێک ناچارن بە نیوە دڵ خوێندن بەجێبهێڵن. بەشەناوخۆییەکانی خوێندکاران بەس نین و لەم قەیرانە پەرەسەندووەدا تەنانەت هاتووچۆ بۆ زانکۆش قورس بووە، دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەیەک دەریخست کە بڕوانامەیەک کە خوێندکار دوای ساڵانێک بە هەزار هەوڵ بەدەستی دەهێنێت هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و دەتوانرێت بە شەوێک هەڵبوەشێتەوە. "پێویستە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆی زانکۆکان وەک هەوڵی خوێندکاران بۆ بەرگریکردن لە داهاتووی خۆیان و مافەکانیان و گەڕاندنەوەی هیواکانیان سەیر بکرێت".
نەماندەتوانی بێباکانە بمێنینەوە
سیمگە یاردیم جەختی لە گرنگی بزووتنەوەی گەنجان و هیواخوازییەکەی کردەوە و وتی: ئێمە لە یەکێتی پەروەردە هەمیشە هەوڵمان داوە کێشەی قوتابیان بگەیەنین بە دەسەڵات، پرسەکانی وەک قەیرانی خوێندنی باڵا، کێشەی نیشتەجێبوون، نەتوانینی دەستەبەرکردنی بژێوی ژیان، و زیادبوونی دابەزینی کوالیتی خوێندن هەمیشە لە لوتکەی کارنامەماندایە. "بۆیە سروشتی بوو لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا نەمانتوانی بێدەنگ بین.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ٢٥ی ئاداردا بڕیاری مانگرتنیان داوە، ئەمەش بووە هۆی تۆمارکردنی دۆسیە لەسەر ئەندامانی دەستەی کارگێڕی ناوەندی سەندیکاکە. شەپۆلی گرتن و سەرکوتیش دەستی بەسەر ئەواندا گرتووە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە قەبارەی زۆری دەستگیرکردنەکان، وتی چیتر ناتوانن ئاماری وردیان هەبێت لەسەر ژمارەی خوێندکارە دەستگیرکراوەکان و زیندانییەکان و بارودۆخیان.
توندوتیژی دژی ژنان ڕووداوێک نییە
سیمگە یاردیم سەبارەت بە هۆکاری توندوتیژی دژی ژنان لەسەر شەقامەکان وتی: توندوتیژی بەربڵاو لە دژی قوتابیانی ژن ڕەگ و ڕیشەی لەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەدایە کە ساڵانێکە دژی ژنان جێبەجێ دەکرێت. ئەم ڕێبازە بەشێکی دانەبڕاوە لە سیاسەتەکانی حکومەت کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی مافەکانی ژنان دەکاتە ئامانج و هەوڵی پەراوێزخستنی ژنان دەدەن لە ڕێگەی پێشخستنی دامەزراندنێکی ناجێگیر و دوورخستنەوەیان لە کایەی گشتی و هێرشکردنە سەر ناسنامە و ژیانی کۆمەڵایەتییان. ئەمڕۆ یاسای ٦٢٨٤ مشتومڕی لەسەرە، بەڵام لە ڕاستیدا جێبەجێ ناکرێت؛ پەیمانی ئەستەنبوڵ هەڵوەشایەوە؛ وە بە سیاسەتی بەناو بنەماڵەیی، ژیانی ناوماڵ بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت. حکومەت هەوڵ دەدات خوێندنی ژنان سنووردار بکات و ژیانیان پێناسە بکات، لە منداڵبوونەوە تا شێوازی ژیان، تەنها لە چوارچێوەی ماڵدا. خوێندکاران و ژنانی گەنج ئامانجی سەرەکی ئەم سیاسەتانەن و هەموو هەوڵەکانی حکومەت لەسەر جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە چڕ بووەتەوە.
ژنان پێشەنگی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانن
سیمگە یاردیم پێی وایە حکومەت هەمیشە لەگەڵ ژنان ناکۆکی بووە و هەرکەسێک مۆدێلی سەپێنراوی ژنە "خواستراوەکە" قبوڵ نەکات، دەکرێتە ئامانج. ئەو دەڵێت، وەک لە ناوچەکانی دیکەی جیهان، ژنان لە پێشەنگی ناڕەزایەتییەکانی تورکیادان و شیکاری بۆ ئەم بابەتە دەکات: “ئەوان دەیانەوێت ژنان لە شەڕەکە دوور بخەنەوە، چونکە واقیعەکە ئەوەیە کە ژنان لە هەموو جیهاندا سەرکردایەتی بزووتنەوە بەهێزەکان دەکەن و ئاراستە دەدەن بە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم ململانێیانە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبن و لەیەکتر تێکەڵ دەبن ، و توندوتیژی دژی ئەوان، بە ئامانجی نەهێشتنیان لە کایە کۆمەڵایەتییەکان، خەریکە چڕتر دەبێتەوە.
وتیشی: پێویستی هاودەنگی لە تێکۆشاندا خواستی هاوبەشی هەموو ناڕازییان و نەیارانی سیاسەتە دەسەڵاتدارەکان پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی هەمەلایەنەیە بە پشتیوانی جەماوەری بێت. هەروەها ئەم پێویستییە ئەمڕۆ زیاتر لە جاران هەست پێدەکرێت. بە توندی ڕایدەگەیەنێت: "گرنگترین شت ئەوەیە کە شەڕی ئێمە بەرامبەر بەم فشار و سزایانە کۆتایی پێنایەت". لە هەلومەرجی ئێستادا، ئێمە وەک ژن و گەل و کرێکار، یان بە واتایەکی تر، هەموو کۆمەڵگا، دەبێ خەباتێکی بەهێزتر و یەکگرتووتر بکەی، قەیرانی ئابووری لە هەموو کاتێک زیاتر فشارمان لەسەر دروست دەکات، هێرش بۆ سەر مافەکانمان توندتر بووە، توندوتیژی دژ بە ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. هەروەها بەردەوام مافی خوێندکار بۆ خوێندن پێشێل دەکرێت، بە سەیرکردنی کۆی ئەو مەرجانە، دەبینین کە هەموومان لە ژێر هەڕەشەداین، ئەگەر خەباتێکی یەکگرتوو و بەهێز پێکنەهێنین، ئەگەر بۆ ئاشتی و دیموکراسی هەوڵ نەدەین، ڕۆژانی سەختتر لە پێشە. ئەمڕۆ لە وڵاتێکدا دەژین کە یاسا کاریگەری خۆی لەدەست داوە و هەموو شتێک بە سیاسی کراوە، ئێمە لە یەکێتی پەروەردە، بە ئیرادە، وەک ڕابردوو، درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین، پێویستمان بە بزووتنەوەیەکی فراوانترە کە پشتیوانی کۆمەڵایەتی بەهێزتری هەبێت و ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە گەنجان ئەمڕۆ دەیکەن.